پەرلەمانتارێکی شیعە: چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان رایدەگەیێنێت: "چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین" و دەشڵێت ژمارەی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نیوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان نزیکبووەتەوە.
عائید هیلالی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئێستا ژمارەی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاترە لە ماوەکانی رابردوو، ژمارەیان لە نیوەی ژمارەی پەرلەمانتاران نزیک بووەتەوە".
عائید هیلالی، گوتی: "ئێمە چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین، هەروەک رەنگە زیاتر لە لایەنێکی سیاسی دەستپێشخەری پێشکێش بکەن". گوتیشی، "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دزە دەکەن، سەرۆک مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنێت، بەڵام تائێستا وادەی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە رانەگەیێندراوە".
ئەندامەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان جەختلەوەدەکاتەوە، دوای ئەوەی سەربەخۆکان رای خۆیان دەدەن، دواتر نزیکبوونەوە لە بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان روودەدات.
دوای حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2022، هێشتا حکومەتی عێراق پێکنەهاتووە و سەرۆک کۆماریش هەڵنەبژێردراوە، ناکۆکیی نێوان سەدرییەکان و هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێگرە لەبەردەم تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەت.
هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هاوپەیمانیی رزگارکردنى نیشتیمان لەسەر شێوازى حکومەتى داهاتووى عێراق ناکۆکن و بەهۆیەوە سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە، کە هاوکات خاڵى ناکۆکى نێوان یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەریەکەیان بەربژێرى خۆیان هەیە.
رۆژانی 25 و 30ـی ئادارى 2022، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان و ئامادەنەبوونى ژمارەى پێویستى پەرلەمانتاران کە 220 پەرلەمانتارە، نەتوانرا سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت.