دوای 21 ساڵ لە پەککەوتنی، شەمەندەفەری بەغدا - سامەڕا بەکارخرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای 21 ساڵ لە پەککەوتنی هێڵی ئاسنیی نێوان بەغدا و سامەڕا، هێڵەکە بەکارخرایەوە و ئێستا ئامادەیە بۆ گواستنەوە.
 
رۆژی هەینی 10ـی ئایاری 2024 رەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، ئێستا هێڵەکە کراوەیە و هاووڵاتییان دەتوانن بەکاریبێنن. هەر هەمان رۆژ، سەعداوی و شاندی یاوەری بەو هێڵە لە سامەڕاوە گەڕانەوە بۆ بەغدا.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمە هەنگاوێکی گرنگی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی گواستنەوە و کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی رێگەکانی نێوان شارەکان."
 
ئەو شەمەندەفەرەی بەگەڕخراوە، ساڵی 2014 لە چین کڕدراوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق باسی تایبەتمەندییەکانی کرد و گوتی "ئامێری فێنککەرەوە، گەرمکەرەوە و رێستۆرانت هەروەها بەشی ڤی ئای پیشی تێدایە."
 

نرخی بلیتی گەشتکردن بە شەمەندەفەرەکە لەنێوان بەغدا و سامەرا چوار هەزار دینارە، بەشە ڤی ئای پییەکەشی، کە شوێنی خەوتنی تێدایە بە پێنج هەزار دینارە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق گوتی "لە ئاییندەیەکی نزیکدا هێڵی ئاسنیی نێوان بەغدا و پارێزگای ئەنباریش بەکاردەخرێتەوە، پلانیش هەیە بۆ بەستنەوەی پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگەکانی عێراقەوە لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە." 
 
شەمەندەفەرەکە رێگەی نێوان بەغدا و سامەڕا، کە 120 کیلۆمەترە، بە دوو کاژێر و نیو دەبڕێت.