ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هیچ بنکەیەکی سەربازیی مۆڵەتپێنەدراو لە عێراقدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە بوونی بنکە و هێزی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی کەربەلا و نەجەف دەکەن و رایدەگەیێنێت: "هیچ هێزێکی بیانیی مۆڵەتپێنەدراو لەو ناوچانە و هیچ شوێنێکی دیکەی عێراقدا نییە."
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راپۆرتە میدیاییەکانی دایەوە و هۆشداریدا لەوەی هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەم بابەتە بۆ "ململانێی سیاسی و موزایەدە" بەکاربهێنن، کە زیان بە ناوبانگی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی دەگەیێنێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە پەیوەندییان بە رووداوێکی رۆژی 5ی ئاداری 2026ـەوە هەیە، کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی نوخێب رووبەڕووی گرووپێکی چەکداری نەناسراو بوونەوە کە فڕۆکە پشتیوانیی دەکردن؛ لەو پێکدادانەدا سەربازێکی عێراقی گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش برینداربوون، دواتر گرووپە چەکدارەکە ناچار بە کشانەوە کران.
 
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ دابەزینێکی نوێی ئاسمانی لە بیابانی کەربەلا رووینەداوە. ئەو رووداوەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا باس دەکرێت بۆ 5ـی ئاداری رابردوو دەگەڕێتەوە و ئەو کاتە رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو دابەزینە ئاسمانییە رێگەپێنەدراوە لە بیابانی نوخێب گیراوەتەبەر."
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی کردەوە کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا "نە ئەو هێزەی پێشوو و نە هیچ هێزێکی دیکەی رێگەپێنەدراو دانەبەزیون و شتی هاوشێوە رووینەداوە، هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە کێوماڵکردنی ناوچەکە."
 
ئەم روونکردنەوانەی بەرپرسانی عێراق دوای ئەوە دێن، رۆژی 9ی ئایاری 2026، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی عێراقدا دامەزراندووە بۆ پشتیوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو هێزە عێراقییانەی ویستوویانە شوێنی بنکەکە ئاشکرا بکەن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرنەبەر کە هەواڵی چەواشەکارانە و پڕوپاگەندە لەبارەی "سەروەریی عێراق"ەوە بڵاوبکاتەوە.
 
ناوچەی نوخێب، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف. پێکدادانە کورتخایەنەکەی مانگی ئاداریش، تەنیا شەش رۆژ دوای دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل روویدا.