قائانی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی: نابێت سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەت دووربخرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 10-05-2026 ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سەردانێکیدا بۆ بەغدا، داوای لە بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەت دوورنەخەنەوە.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایار، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رایگەیاند، "قائانی هەروەها داوایکردووە، نابێت چەکیش لەو گرووپانە وەربگرن."
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی گوتووە، واشنتن چاوەڕێی "هەنگاوی کردەیی" دەکات دژی ئەو گرووپانە.
بەپێی ئامارەکانی ئەمریکا، لەوکاتەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکردووە، ئەو گرووپە چەکدارانە 600 هێرشیان کردووەتە سەر نێردە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق. هەر بەو هۆیەوە، واشنتن گواستنەوەی داهاتی نەوتی عێراقی بە دۆلار و هاوکارییە ئەمنییەکانی بۆ بەغدا راگرتووە.
رۆژی دووشەممە دکتۆر حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرام سین لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەوبارەوە گوتی، "قسە و باس لە میدیا زۆر دەکرێ، بەڵام وانییە. قائانی بێتە بەغدا و بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڵێ، ئێمە ڤیتۆمان لەسەر زەیدی هەیە. هەم ئەوان [عێراق] قبووڵی ناکەن، هەم قائانی وا ناڵێ."
لەبارەی بەشداریکردن و نەکردنی گرووپە چەکدارەکان، دکتۆر حەیدەر گوتی، "ئەمە شتێکە پەیوەندی بە ناوخۆی عێراقەوە هەیە. ئەمریکییەکان لەسەر رادەستکردنی چەک بۆ دەستی دەوڵەت گوشار دەکەن. ئێستا گرووپێک هەیە بەناوی نوجەبا، نە ئەندامی پەرلەمانی هەیە و نە بەشداریش بوو لە حکومەت، بەشداریش نابێت. دوو گرووپ دەمێننەوە، سەید شوهەدا هەشت کورسی و کەتائیبیش شەش کورسی، ئەوانیش بەشدار نابن."
ئێستا عێراق لە بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گۆڕانکاریی سیاسییە. عەلی فالح زەیدی، راسپێردراوە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت. پێشتر لە رووی سیاسییەوە کەسایەتییەکی ناسراو نەبوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی لێکردووە، بانگهێشتی واشنتنی کردووە و رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "تاوەکو کۆتایی لەگەڵیدایە."
جۆرناڵ دەڵێت، ئەم پاڵپشتییەی کۆشکی سپی بە مەرجە؛ واشنتن داوا لە زەیدی دەکات گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە حکومەتی داهاتووی عێراق دوور بخاتەوە و هەژموونی تاران لە بەغدا کەم بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە عەلی زەیدی پێشتریش رووبەڕووی گوشارەکانی ئەمریکا بووەتەوە؛ ئەو خاوەنی بانکێکە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2024ـدا مامەڵەی دۆلاری لێ قەدەخە کرد، بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکان کە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەستراوەتەوە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی، کە پێشتر هیچ پۆستێکی حکومی نەبووە، وەک بژارەیەکی سازش لە نێوان لایەنەکاندا هاتە پێش. ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی دابوو، ئەگەر نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەوا ئەمریکا هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەبڕێت. دوای چەندین مانگ لە ململانێی سیاسی، هاوپەیمانیی (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) لە کۆتایی مانگی رابردوو روویان لە زەیدی کرد.
وەک رۆژنامەکە باسی کردووە، بەرپرسانی عێراقی پێش راگەیاندنی ناوی زەیدی، رەزامەندیی ئەمریکا و ئێرانیان وەرگرتووە. زەیدی تاوەکو ئێستا پەیوەندیی تەلەفۆنی لە ترەمپ و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشتووە و ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەکی پەرلەمانییە بۆ ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا متمانە بە خۆی و کابینەکەی ببەخشرێت.
چیرۆکی بانکی جنووب و شبل زەیدی
سەرمایەکەی عەلی زەیدی لە بوارەکانی بانک، کەناڵی ئاسمانی و گرێبەستە حکومییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو پێش 10 ساڵ بانکی جنووبی ئیسلامی و کۆمپانیای (عەویس)ـی دامەزراندووە، کە دووەمیان بەرپرسە لە هاوردەکردنی خۆراک بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ راگرتنی مامەڵەی دۆلار لە بانکی جنووب لە ساڵی 2024، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بوو کە باسیان لەوە دەکرد بانکەکە پەیوەندیی بە (شبل زەیدی)ـیەوە هەیە.
شبل زەیدی، کە لە ساڵی 2018ـەوە لە لایەن ئەمریکاوە سزادراوە، ئەمینداری گشتیی گرووپی (کەتائیبی ئیمام عەلی)ـیە و تۆمەتبارە بەوەی وەک رێکخەری دارایی لە نێوان فەیلەقی قودس و گرووپە چەکدارەکانی عێراق کاری کردووە.
هەرچەندە مازن ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی جنووب، ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە "پڕوپاگەندە" وەسفیان دەکات، بەڵام بانکەکە هێشتا لە ژێر گەمارۆی دۆلاردایە. عەلی زەیدی خاوەنی 9.90٪ـی پشکەکانی بانکەکەیە و لەگەڵ ماڵباتەکەیدا کۆنترۆڵی زۆرینەی پشکەکان دەکەن.
گوتەبێژێکی شبل زەیدیش رایگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەکی سیاسی یان بازرگانی لە نێوان شبل و عەلی زەیدیدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەردووکیان سەر بە هۆزی (زەیدی)ـن کە ژمارەیان دەگاتە 300 هەزار کەس.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، سنووردارکردنی بانکی جنووب گورزێکی گەورە بوو بۆ حکومەتی عێراق، چونکە ئەو بانکە بەرپرس بوو لە رێکخستنی کڕینی کەلوپەل بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان. ئەم بڕیارە بەتایبەت هەڕەشەی لە هاوردەکردنی بڕێکی زۆری برنج لە بەرهەمهێنەرە ئەمریکییەکان کرد، بەڵام بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی رێگەیەکیان دۆزییەوە کە رێگە بە کۆمپانیای (عەویس) دەدات برنجی ئەمریکی بە یۆرۆ بکڕێت نەک بە دۆلار.