لە ئەنبار 10 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە دەگۆڕدرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، پێنج قایمقام و پێنج بەڕێوەبەری ناحیە دەگۆڕدرێن و ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەرگای بەربژێربوون بۆ ئەو پۆستانە دەکاتەوە.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێک بۆ کاروباری قایمقام و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە کە ئەنجوومەن بە هاوکاری لەگەڵ پارێزگاری ئەنبار کردوویەتی، بڕیاردرا دەرگای بەربژێربوون بۆ پێنج پۆستی قایمقامی پارێزگاکە بکرێتەوە کە بریتین لە: عامریە، قائیم، عانە، روتبە و راوە. لەگەڵ پێنج پۆستی ناحیەکانی حسیبە، فوڕات، کوبێسە، کەرابلە و عوبێدی.
پڕۆسەی پێشکێشکردنی داواکاری لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت. سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار داوا دەکات هەر کەسێک ئارەزوومەند و شیاوە، لەو ماوەیەدا سەردانی بەشی کاروباری یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بکات.
سەعد غازی، ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار پێکهێنراوە بۆ وردبینی لەناوی بەربژێرەکان، دوای تەواوبوونی وردبینی و بەدیهێنانی مەرجەکان، ناوی بەربژێرەکان لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار دەخرێتەڕوو تاوەکو دەنگیان لەسەر بدرێت.
مەرجەکانی بەربژێربوون:
یەکەم: هاووڵاتیی عێراق بێت و تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت.
دووەم: لانیکەم خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت.
سێیەم: خاوەنی ناوبانگ و رەوشتێکی باش بێت و بەهۆی تاوان یان کەتنێکی ئابڕووبەرەوە سزا نەدرابێت.
چوارەم: بەگوێرەی تۆماری باری شارستانی دانیشتووانی پارێزگاکە، یان بۆ ماوەی 10 ساڵ بە شێوەیەکی بەردەوام نیشتەجێی بووبێت، بە مەرجێک نیشتەجێبوونەکەی بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی نەبووبێت.
پێنجەم: لە کاتی بەربژێربوون نابێت ئەندامی هێزە چەکدارەکان یان دەزگا ئەمنییەکان بێت.
شەشەم: نابێت رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر یاسایەکی دیکەی جێگرەوە بیگرێتەوە.
حەوتەم: بەگوێرەی بڕیاری دادگە، نابێت بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی دەوڵەمەند بووبێت.
هەشتەم: خاوەنی خزمەتی کردەیی بێت کە لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.