"داعش لە بڵندگۆکانی تکریتەوە: بەرەو بەغدا دەڕۆین"
رووداو- تکریت
جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەدین دەڵێت، چەكدارانی داعش لە بڵندگۆکانی تکریتەوە داوا لەو کەسانە دەکەن کە لە ریزی هێزە ئەمنییەکان بوونە چەکەکانیان دابنێنن، دەشڵێن "ئەگەر هاوکاریان بن بەرە و شاری بەغدا دەڕۆن".
د. ئەمین عەزیز، جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەدین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، تکریت، بێجی، شەرگات، سینییە و عۆجە لە پارێزگای سەڵاحەدین کەوتوونەتە دەست چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش".
جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەدین دەڵێت لەو پارێزگایەدا تەنیا خورماتوو و قەزاکانی دوجێل و بەلەد دەستییان بەسەردانەگیراوە، کە خورماتوو هێزی پێشمەرگەی لێیە و دوجێل و بەلەد-یش دوو قەزای شیعەنشینن.
د. ئەمین عەزیز ئاماژە بەوەدەکات، چەکداران باڵەخانەی پارێزگای سەڵاحەدینیان سووتاندووە و بەندیخانەی تەسفیراتیان شکاندووە و زیندانییەکانیان بەرداوە.
هاوکات ئاماژە بەوەدەکات چەکداران لە بڵندگۆکانەوە داوا لەو کەسانە دەکەن کە لە ریزی هێزە ئەمنییەکان بوونە چەکەکانیان دابنێنن و بچنەوە ماڵی خۆیان و ژیانیان پارێزراو دەبێت، دەشڵێن "ئەگەر هاوکاریان بن ئەوان بەرە و شاری بەغدا دەڕۆن، تاوەکو دەستی بەسەردابگرن".
د. ئەمین عەزیز دەڵێت "ئێستا ئەو چەکدارانە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی عەلەم دەکەن، بۆ ئەوەی بێ هیچ پێکدادانێک ناحیەکە رادەستی ئەو چەکدارانە بکەن".