52 ئەندامى گرووپى "ئەسحابى قەزیە" لە عێراق سزادران


رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆک و 51 ئەندامى ئەندامى گرووپى "ئەسحابى قەزیە" لە عێراق بە زیندانیکردنی سزا دران، ئەوەش بە "تاوان"ی فریودانى هاووڵاتییان و بانگەشەکردن بۆ دەرکەوتنى ئیمام مەهدى.
 
رۆژی یەکشەممە، 11ـى حوزەیرانى 2023، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە دادگەى کەتنى کەرخ لە بەغدا ئەو 52 ئەندامەى گرووپى "ئەسحابی قەزیە"ى دادگایی کردووە و سەرۆکى گرووپەکەی بە دوو ساڵ زیندانیکردن و 51 ئەندامەکەى دیکەی بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا داوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو گرووپە ژمارەیەکى زۆر گەنجی بۆ ئەندامێتی راکێشاوە و چەندین بڵاوکراوە و کتێبی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکردووە بۆ ئەوەى باوەڕ بە بۆچوونەکانیان بهێنن. 
 
"ئەسحابی قەزیە" خۆیان بە شوێنکەوتوانى شیعە دەزانن و 13ى نیسانى 2023 بانگەشەى ئەوەیان کرد کە ئیمام مەهدى، دوازدەهەمین ئیمامى شیعەکان لە شارى نەجەف دەردەکەوێت. 
 
ئەو گرووپە ئەو کات بانگەشەى ئەوەیان کرد کە موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى ئیمام مەهدییە، چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی و بڵاوکراوەیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
14ى نیسان؛ موقتەدا سەدر لە کاردانەوەى بانگەشەى ئەو گرووپەدا هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى تویتەر داخست و سڕکردنى رەوتەکەى بۆ ساڵێک راگەیاند.