گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتەوە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی بەغدا.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق لە فڕۆکەخانەی تائیف-ەوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی بەغدا.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانیش بە رێگەی وشکانی لە شاری مەککەوە بەڕێکەوتن.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونیکردەوە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی تائیف و مەدینە دەبێت، ژمارەی گەشتەکان لە 12 و 13ی حوزەیران بۆ دوو گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەبن، دواتر رۆژانە دەبێتە 4 بۆ 6 گەشت، تاوەکو 24ی مانگ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوە بە رێگەی وشکانی کاژێر 04:00ی بەیانی رۆژی 12ی مانگ دەستپێدەکات، کە لە 1645 حاجی پێکدێن، گەشتی فڕۆکەش 14ی مانگ دەستپێدەکات، تاوەکو 20ی ئەم مانگە ھەموو حاجیان دەگەنەوە کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان گوتی، بەگشتی ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان 5136 کەس بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە.