پەرلەمانى عێراق: چوار مانگە وەزارەتى دارایی پارەى خەرجى بەکارخستنى پێنەداوین
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق رەتیدەکاتەوە 100 ملیۆن دینارى کۆتایی خزمەت بۆ پەرلەمانتارانى خەرج کرابێت و دەڵێت: "زیاتر لە چوار مانگە وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکی لە بودجەی بەکارخستنى بۆ پەرلەمان خەرج نەکردووە."
ئەو روونکردنەوەیە رۆژی چوارشەممە 11ـی حوزەیرانى 2025 لەلایەن راگەیاندنى پەرلەمانى عێراقەوە بڵاوکرایەوە، دواى ئەوەى گرووپێک بەناوى (کۆمەڵەى نیشتمانیى خانەنشینانى عێراق) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە پەرلەمان بڕى 100 ملیۆن دینارى بۆ پەرلەمانتارەکانی خەرج کردووە، ئەوەش وەک پاداشتى کۆتایی خزمەتیان.
پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "ئەو بانگەشانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیشیان نییە. ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە راست نین و ئامانج لێیان ناوزڕاندنی پەرلەمان و ئەندامەکانی و شێواندنی وێنەکەیەتی لەبەرچاوی رای گشتی."
سروە محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "ئەو 100 ملیۆن دینارە تەنیا ئەو پەرلەمانتارانە دەگرێتەوە کە 15 ساڵ زیاتر خزمەتیان هەبێ؛ هەروەها پێویستە ئەو پەرلەمانتارە خولى چوار ساڵەى ئەندامێتى لە پەرلەمان تەواو کردبێت".
329 ئەندام لەم خولەى پەرلەمانى عێراق هەن، لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ، خزمەتیان وەک پەرلەمانتار کۆتایی دێت.
بە گوێرەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق، زیاتر لە چوار مانگە وەزارەتى دارایی عێراق "هیچ بڕە پارەیەکی" لە بودجەی بەکارخستن بۆ پەرلەمان خەرج نەکردووە.
سروە محەممەد گوتى: "بودجەى بەکارخستن تایبەتە بە خەرجى بەکرێگرتنى خانوو، ئۆتۆمبێل و میوانداری، خواردن و خەرجى پەرلەمان."
بە گوێرەى خشتەى بودجەى 2024ـی عێراق، خەرجى بەکارخستنى پەرلەمان 436 ملیار و 951 ملیۆن و 279هەزار دینارە، لەو بڕە 361 ملیار و 861 ملیۆن و 698 هەزار دینارى بۆ مووچەیە.