لە عێراق "سەرجەم حەوزە ماسییە بێ مۆڵەتەکان داخران"
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى کۆمەڵەى عێراقى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی رایگەیاند، سەرجەم ئەو حەوزانەى ماسی لە عێراق کە مۆڵەتیان نییە داخراون، ئەو حەوزانەشی مۆڵەتیان هەیە و لەسەر رووبارەکانن دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دابخرێن.
ئەیاد تاڵبی، سەرۆکى کۆمەڵەى عێراقى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەبڕیارى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو، سەرجەم ئەو حەوزانەى ماسی سەر رووبارەکان داخراون، کە مۆڵەتیان نەبووە و لەلایەن هەمان وەزارەتەوە ئاگادارکراونەتەوە، تاوەکو کۆتایی 2023 ئەو حەوزانەى ماسی دابخرێن، کە مۆڵەتپێدراون و لەسەر رووبارەکانن."
وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق لە 15ى حوزەیران مۆڵەتى دوو هەفتەى دایە خاوەنى ئەو حەوزانەى ماسیى کە بێ مۆڵەتن بۆ ئەوەى دایانبخەن.
ئەیاد تاڵبی ئاشکرایکرد، لەساڵانى رابردوودا بەرهەمى حەوزە بێمۆڵەتەکان لە مۆڵەتدارەکان زیاتر بووە، کە گەیشتووەتە 700 بۆ 800 هەزار تۆن، لەکاتێکدا حەوزە مۆڵەتپێدراوەکان بەرهەمیان ساڵانە 190 هەزار تۆن بووە.
لە ماوەى دوو هەفتەى رابردوودا بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و کەمبوونەوەى ئاوى رووبارەکان و زیادبوونى سوێریی ئاوەکان ملیۆنان پەنجەماسی لە سنوورى هەردوو پارێزگا مەیسان و زیقار لەنێوچوون.
سەرۆکى کۆمەڵەى عێراقى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی رایگەیاند، ئەو رەوشە کاریگەرى لەسەر نرخى ماسی دەبێت لە دوو مانگى داهاتوودا، کە نرخى یەک کیلۆى لە 10 هەزار دینارەوە دەگاتە 15 هەزار دینار، بەهۆى رێکارەکانى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاو لەگەڵ کەمبوونەوەى ئاوى رووبارەکان بەرهەمى ماسی لەعێراق لەیەک ملیۆن تۆنەوە کەمدەبێتەوە بۆ 200 بۆ 250 هەزار تۆن.