لە دادگەی باڵای فیدراڵی 14 سکاڵا لە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتاى ساڵى 2022 تاوەکو ئێستا 14 سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەدژى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراون، حەوت لە سکاڵاکان لە بەرژەوەندیی پەرلەمان یەکلایی کراونەتەوە و سێ سکاڵاشی دۆڕاندووە، هێشتا سێ سکاڵا ماون یەکلا بکرێنەوە.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتووە، لە سەرەتاى ساڵى 2022  تاوەکو سەرەتاى مانگى تەممووزی ئەمساڵ 14 سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەدژى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون، 11 لەو سکاڵایانە یەکلایی کراونەتەوە، حەوت لە بەرژوەندی و سێش لە دژی پەرلەمان بڕیاریان لەبارەوە دراوە.
 
ئەو سکاڵایانەى کە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە دژى  هەرێمى کوردستان بووە بریتیبوون لە: "نادەستوریبوون"ی یاسای نەوت و گازى پەرلەمانى کوردستان، کە لە 15ى شوباتى 2022 دەرکرا و لەلایەن عەلى شداد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى بەسرە تۆمار کرابوو.
 
سکاڵایەکى دیکە لە یەکى ئادارى 2023 لە دادگەى فیدراڵى عێراق یەکلاکراوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 46ى یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەت هەرێمى کوردستان کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانى تایبەت بە کەرتەکانى سەر بەو وەزارەتە.
 
سکاڵاى سێیەمیش کە لە 30ى ئایارى 2023، لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵى لەدژى پەرلەمانى کوردستان دەرکرا، بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە.
 
وریا سەعدى راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هێشتا سێ سکاڵا ماوە لەسەر پەرلەمانى کوردستان کە لەدادگەى باڵاى فیدراڵى یەکلانەکراونەتەوە.
 
ئەو سکاڵایانەى سەر پەرلەمانى کوردستان کە ماون لە دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکلابکرێتەوە، دووانیان لە دژى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئەوى دیکەیان لە دژى چەند مادەیەکى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە.