خەرجیی دامەزراندنی کۆمپانیای ئەمنی لە عێراق 150% زیاد دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى عێراق لە رێگەى هەموارکردنى یاساى کۆمپانیا ئەمنییەکانەوە، خەرجیی دامەزراندنى ئەو کۆمپانیایانە لە 10 ملیۆن دینارەوە دەکاتە 25 ملیۆن دینار. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "هۆکارێکى ئەو گۆڕانکارییە ئەوەیە کە هەندێک لە کۆمپانیا ئەمنییەکان کارى دیکە دەکەن جیاواز لەو مەبەستەى بۆى دامەزراون".
 
بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانى عێراق، کە 31ـى تەممووز لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، مادەى 7ـى یاساکە هەموارکرایەوە بەشێوەیەک کە بڕى خەرجیی دروستکردنى کۆمپانیاى ئەمنیى ئەهلى دەکرێتە 25 ملیۆن دینار، لەکاتێکدا لە دەقى ئێستاى یاساکەدا ئەو بڕە پارەیە 10 ملیۆن دینارە.
 
رۆژی 11ـى ئابى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیادکردنى پارەى خەرجیی کۆمپانیاکان لەو هەموارەدا بەهۆى ئەوەیە کە داهاتێکى دیکە بگەڕێتەوە بۆ حکومەت بە تایبەت کە ئەو کۆمپانیایانە داهاتیان زۆرە.
 
بەگوێرەى هەموارەکە؛ خەرجی بۆ کردنەوەى نووسینگەى کۆمپانیاى ئەمنیى تایبەتى بیانى دیاریکراوە کە 50 ملیۆن دینارە، لەکاتێکدا لە یاساکەدا ئەو بڕگەیە نەبووە.
 
سەگڤان سندى گوتی، یەکێک لە هۆکارەکانى دیکەى زیادکردنى خەرجیی دامەزراندنى کۆمپانیا ئەمنییەکان ئەوەیە کە هەندێک کەس کۆمپانیای ئەمنى دادەمەزرێنن و بۆ کارى دیکە بەکارى دەهێنێت، جیاواز لەو مەبەستەى بۆى دیاریکراوە.
 
نزیکەى 200 کۆمپانیاى ئەمنیى مۆڵەپێدراوى بیانى و ناوخۆیی لە عێراق هەن. کۆمپانیاکان بەگوێرەى یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان مۆڵەتیان پێدراوە، کە لە ساڵى 2017 لە پەرلەمان پەسندکرا.