سەرکردەیەکی سوننە و بەربژێرێکی کوردی فەیلی لە هەڵبژاردن دوورخرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی سوننە و بەربژێرێکی کوردی فەیلی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوورخرانەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 10ی ئاب ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری ناسراو بە ئەبو مازن، ئەمینداری گشتیی پارتی جەماوەریی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا دوورخستنەوەی لە بەربژێری بڵاوکردەوە.
 
ئەبو مازن، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سوننە، لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، لەگەڵ 67 بەربژێری دیکە دوورخراوەتەوە و بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارە، پەنای بۆ دەستەی دادوەری بردووە و تانەیان لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن داوە.
 
15ی شوباتی 2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رەتیکردەوە مەرسوومی کۆماری بۆ ئەبو مازن دەربکات وەک پارێزگاری هەڵبژێردراوی پارێزگای سەلاحەدین، بە پاساوی ئەوەی مەرجی وەرگرتنی ئەو پۆستەی نییە و سزادراو بووە.
 
یەکێکى دیکە لەو بەرپرسە سوننانەى لەنێو بەربژێرە دوورخراوەکاندایە نەجم جبوورى،پارێزگارى پێشووى نەینەوایە.
 
بەگوێرەی بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە 7ی ئابی 2025 دەریکردووە، قاسم قوتبی، بەربژێری کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست دوورخستووەتەوە.
 
موهەنەد سەڕاج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رێکارە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی کۆمیسیۆنەوە گیراوەتەبەر لە چوارچێوەی وردبینی لە دۆسیەی بەربژێران، نەوەک لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی دەوڵەت".
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، پاساوی دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرەی کوردانی فەیلی، بەهۆی ئەوە بووە کە پێشێلی بڕگەی سێی مادەی 7ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردووە.
 
ئەو بڕگەیە تایبەتە بە رێگری لە بەربژێربوون، ئەگەر کەسەکە حوکمدرابێت بە تاوانی شەرەف یان گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی.
 
9 کەس خۆیان بۆ کورسیی کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست بەربژێر کردبوو، کە لەنێو ئەو 9 کورسییەیە بۆ کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە.
 
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 وەک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە، کە تێیدا هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.