پێنجشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پشووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا کە رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئابی 2025، لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پشووی فەرمی بێت بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێن.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم بڕیارە بەمەبەستی ئاسانکارییە بۆ ئەو زیارەتکارانەی کە بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا دەکەن لە شاری کەربەلا.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، چەندین پارێزگای باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لەوانە نەجەف، کەربەلا، واسیت، بابل، دیالە، دیوانییە، بەسرە و موسەننا، بەبۆنەی ئەم یادەوە پشووی فەرمییان لە پارێزگاکانی خۆیاندا راگەیاندووە.
رێوڕەسمی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ی مانگی سەفەر/کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەتان هەزار لە پەیڕەوانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەم دەگێڕن.
ئیمام حوسێن لە ساڵى 680ـی زاینى کە دەکاتە 61ى کۆچى، لەگەڵ بەشێک لە یاوەرانى لە کەربەلا کوژرا و هەر لەوێش بەخاکسپێردرا. ئەو رووداوە بە شەڕى کەربەلا یان "رووداوى تەف" ناسراوە کە ماوەى سێ رۆژى خایاندووە، کاتێک ئیمام حوسێن و یاوەرانى لەگەڵ سوپای یەزیدى کوڕى مەعاویە جەنگاون کە ئەوکات "خەلیفەى" دەوڵەتى ئومەوى بووە.