پزیشکیان لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و کوردستان: زۆر گرنگ بوو پێش چوون بۆ ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە "زۆر گرنگ" ناوبرد پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، رێگە بە هیچ لایەنێک نادەن لە سنووری عێراقەوە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئێران؛ دەشڵێت، "سەرکەوتوو بووین لە تووندوتۆڵکردنی سنوور و لیژنەی ئەمنیی دووقۆڵی بەردەوامە لە کارەکانیان."
 
سوودانی باسی لەوە کرد کە هەردوو حکومەتی ئێران و عێراق لەگەڵ ئەوە نین گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕ فراوان ببێت.
 
هاوکات، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا گوتی، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هەموومان یەک بین و دووربین لە جیاکاری. ئەگەر ئێمە پێکەوە کاربکەین، دەتوانین رێگری لەوە بکەین ناوچەکە بەرەو کێشەی زیاتر بڕوات.

 

 
سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، سوودانی گوتی، جەخت کراوەیەوە لەسەر هێڵی گرنگی بەیەکەوەبەستنەوەی لۆجستی و گواستنەوە، باسی هێڵی ئاسنی (بەسرە - شەلامچە) بۆ گواستنەوەی گەشتیاران  کرا؛ هەروەها رێگەی وشکانی رێگەی خوسرەوی - مونزییە - بەغدا، لەگەڵ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی سنووری لە هەر سێ پارێزگای واست، میسان و بەسرە و شاری ئابووری، کە 2000 دۆنم زەوی لە زرباتییە بۆ تەرخان کراوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە فراوانترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران کردەوە و پێیوایە کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت؛ گوتیشی، ئێران هاوکار بووە لەوەی عێراق رێککەوتنی کڕینی گاز لەگەڵ تورکمانستان بکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئێران بەشێکی بەرچاوی گاز بۆ عێراق دابین دەکات.
 
نوێدەکرێتەوە..