وەزیری بەرگریی عێراق بۆ رووداو: سەرەتای ساڵی داهاتوو 8 سیستمی بەرگریی ئاسمانیمان پێدەگات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی عێراق دڵنیایی دەدات هەنگاوی گەورەیان بۆ بەهێزکردنی ئاسمانی وڵاتەکەیان دەستپێکردووە و دەڵێت، 8 سیستمی نوێی بەرگریی لە کۆریای باشوورەوە دەگەنە عێراق.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و گوتی: "گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای LGI کۆری کردووە و گوژمەی یەکەم سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگاتە دەستمان کە لە 8 سیستمی بەرگری پێکدێت."
 
24ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هەردوو سیستمی راداری ئاسمانی لە بەغدا و ناسرییە.
 
وەزیری بەرگریی عێراق گوتی، "ئەو درۆنانەی لەو هێرشەدا بەکارهێنران نەناسراو بوون، سەرەتا لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان رادەستی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان کرد، بەڵام ئەنجامەکەی پەسند نەکرد و لیژنەیەکی دیکەی بۆ پێکهێنا."
 
بە گوتەی سابت عەباسی، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو ئەو لیژنەیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رادەستی محەممەد شیاع سوودانی بکات.
 
ئەو دوو رادارەی بەر هێرشە درۆنییەکان کەوتن بریتی بوون لە راداری ئاسمانی نێو سەربازگەى تاجى کە دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە، سیستمی راداری ئەمریکی تێدایە و سەر بە سوپاى عێراقە. ئەوی دیکەش راداری ئاسمانی نێو بنکەی ئیمام عەلی بوو، کە دەکەوێتە شاری ناسرییە و راداری ئەمریکی لە جۆری AN/TPS-77ـی تێدایە.
 
وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، "خەریکی چاککردنەوەی رادارەکانین و لە قۆناخەکانی کۆتاییداین."