ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاساوە یاساییەکانی هێرشکردنە سەر عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە دەنگی دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پاساوە یاساییانەی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵانی 1991 و 2003 بەکارهێندرابوون، ئەمەش نوێترین هەوڵی کۆنگرێسە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک بۆ بەرپاکردنی جەنگ.

ئەم هەنگاوە دوای بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و لێدانی بەلەمێک کە گوایە ماددەی هۆشبەری نایاسایی لە کاریبی دەگواستەوە.
 
هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان ماوەیەکی زۆرە پرسیار لەسەر هێشتنەوەی ئەو رێگەپێدانانە دەکەن و دەڵێن، رێگە بە سەرۆکەکان دەدات دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکاربهێنن.
 
ئەنجوومەنی نوێنەران بە 261 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 167 دەنگی نەخێر پێشنیازەکەی پەسندکرد. 212 دیموکرات و 49 کۆماری پشتگیرییان لێکرد. پێشنیازەکە ئێستا دەچێتە ئەنجوومەنی پیران و ئەگەر لەوێشەوە دەنگی لەسەر بدرێت، دەنێردرێت بۆ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی پەسندی بکات.
 
پڕۆژەیاساکە کە هەردوو پارت پشتگیرییان لێی دەکرد، پەیوەست بوو بە یاسای ساڵانەی بەرگریی نیشتمانی، کە رۆژی چوارشەممە پەسندکرا. پڕۆژەیاساکە لەلایەن گریگۆری میکس، نوێنەری دیموکراتەکان لە نیویۆرک و چیپ رۆی، نوێنەری کۆمارییەکان لە تێکساسەوە پێشکێش کرابوو. 
 
لەکاتی گفتوگۆی نێو هۆڵەکەدا، میکس گوتی ئەم یاسایانە "ماوەیەکی زۆرە بەسەرچوون" و "مەترسیی خراپ بەکارهێنانیان لەلایەن ئیدارەکانی هەردوو پارتەوە هەیە." میکس گوتیشی: "کاتی ئەوە هاتووە کۆنگرێس دەسەڵاتە دەستوورییەکەی خۆی لەبارەی بابەتەکانی شەڕ و ئاشتییەوە وەربگرێتەوە."
 
برایان ماست، کە نوێنەری کۆمارییەکان لە فلۆریدا و سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، لەبەر "هۆکاری رێکاری" و پڕۆسە یاساییەکەوە دژی هەموارکردنەکەیە.
 
پێشنیازێکی هاوشێوە لە ساڵی 2023 لە ئەنجوومەنی پیرانی زۆرینە دیموکراتدا پەسند کرا، ئەوکاتە 48 دیموکرات و 18 کۆماری دەنگیان پێیدا، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری دەنگی لەسەر نەدرا.
 
لە ئەنجوومەنی نوێنەران، 219 دیموکرات و 49 کۆماری لە ساڵی 2021 دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانی ساڵی 2002 دا، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیراندا وەستا. لەو کاتەدا هەردوو ئەنجوومەنەکە زۆرینەی دیموکراتیان هەبوو.
 
کۆنگرێس رێگەپێدانی ساڵی 2002ی پێش داگیرکردنی عێراق لە ئاداری 2003 پەسند کرد، کە بووە هۆی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن؛ رێگەپێدانی ساڵی 1991ـیش لە کاتی جەنگی کەنداودا پەسند کرابوو.
 
رۆی گوتی: "نابێت ئێمە لە ژێر رێگەپێدانێکی 23 ساڵەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا کار بکەین. پێویست ناکات کۆنگرێس بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕی سەردەمیانە رابگەیێنێت."
 
لە ساڵی 2020دا، ترەمپ رێگەپێدانی ساڵی 2002ی وەکو بەشێک لە پاساوی یاسایی بۆ هێرشێکی ئاسمانی بەکارهێنا کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە بەغدا کوژرا.