بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: نەوت رادەست نەکراوە و گفتوگۆ بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرەڕای ئەوەی لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێ. بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هێشتا نەوت رادەست نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا نەوت رادەست نەکراوە."، دەشڵێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
 
باسم محەممەد گوتیشی، "کۆمپانیاکان داواکاریی دیکەیان هەیە و حکومەتی هەرێمیش داواکارییەکان دەگەیێنێتە ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەسەری."
 
بۆرى هەناردەى نەوتى نێوان کەرکووک و بەندەرى بانیاس لە سووریا 800 کیلۆمەترە، ساڵى 1952 دروستکرا و لە ساڵى 2003ەوە هەناردکردنى نەوت لە رێگەیەوە راگیراوە.
 
لەبارەی کاراکردنەوەی ئەو بۆرییە بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "لەگەڵ حکومەتی سووریا رێککەوتووین بۆ کاراکردنەوەی، بەڵام بەهۆی راگیرانی بۆماوەیەکی زۆر، ئاسان نییە بەم زووانە کارا بکرێتەوە و رەنگە چەند ساڵێک بخایێنێت، چونکە رەنگە بۆرییەکان بەکەڵکی بەکارهێنان نەمابن و پێویست بە دانانی بۆری نوێ بکات."
 
لە نیسانی ئەم ساڵ دا، حکومەتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ سووریا دەستپێکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەرەکەوە بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە دەریای نێوەڕاست و شاندێکی باڵای عێراق سەردانی دیمەشقی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی بەگەڕخستنەوەی ئەو هێڵە.
 
باسم محەممەد خزەیر ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیارە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی سووریا گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری واژۆ بکەین، بۆ لێکدانەوەی دۆخی بۆرییەکە و چارەسەری کێشەکانی، بەڵام هێشتا ئەو کۆمپانیایە دیاری نەکراوە."
 
بە گوتەی باسم محەممەد، ئێستا عێراق رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕەش سێ ملیۆن و 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات.
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، "بڕی هەناردەى نەوت هاوتاى قەبارەى یەدەگ، تواناى بەرهەمهێنان، ژمارەى دانیشتووان و پێویستى وڵات بۆ داهاتە داراییەکانى نییە."
 
سوودانی گوتیشی، "هیوادارین دۆستان و برایانمان، وەک پێویست لە پێویستیی ئابووری و گەشەپێدانەکانی عێراق تێبگەن و پێداچوونەوە بە قەبارەی پشکی هەناردەی عێراقدا بکرێت."
 
سەبارەت بە زیادکردنی بڕی هەناردە، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئۆپیک دەستپێکردووە، بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ زیادکردنی بڕی هەناردە، بەڵام هێشتا رێککەوتن نەکراوە."