لە دەنگداندا وێستگەکان دوو کامێرا و ناوەندەکانیش چوار کامێرایان تێدا دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هەر ناوەندێکی دەنگدان چوار کامێرا و هەر وێستگەیەکیش دوو کامێرا دادەنرێن.
رۆژی شەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان دوو کامێرا و لە ناوەندەکانیش چوار کامێرا دادەنرێن، هاردی کامێراکان میمۆرییان پێوە بەستراوە تەواوی رووداوەکانی رۆژی دەنگدانی تێدا تۆمار دەکات."
نەبەرد عومەر دەڵێ: "ئەو کامێرایانە راستەوخۆ بە بەغداوە نابەسترێنەوە، بەڵکو تەنیا رووداوەکانی رۆژی دەنگدان تۆمار دەکەن، تۆمارەکان کاتێک سەیر دەکرێنەوە کە سکاڵا لەسەر بنکەیەک یان ناوەندێک هەبێت، بەڵام هیچ سکاڵایەک بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی وەرناگیرێت، مەرجە هەر سکاڵایەک تۆمار بکرێت، کاتەکەشی لەگەڵدا دیاری بکرێت، ئەگەرنا وەرناگیرێت."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەلێ :"لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا ئەزموونی دانانی کامێرایان "هەبووە و سەرکەوتوو بووە" بۆیە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دووبارەی دەکەینەوە.
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد؛ لیست و هاوپەیمانییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کردووە و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.