عەممار حەکیم: ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە دوای دەنگدانی لە هۆتێل رەشیدی بەغدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ عێراق و ئەم هەڵبژاردنە سەقامگیرییەکی بەردەوام بۆ عێراق دەهێنێت.''
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان جەختی لە گرنگی هەڵبژاردن کردەوە و رایگەیاند: ''داوا لە رۆڵەکانی عێراق دەکەین سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و بەشدارییەکی فراوانی هەڵبژاردن بکەن، بۆ دەنگدان چەند خولەکێکیان پیدەچێت، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ چوار ساڵ دەبێت، بۆیە بەشداری هاووڵاتییان زۆر گرنگە.''
سەرۆکی رەوتی حیکمە رووی لە هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ رکابەریی کۆتایی هاتووە، کاژێر 6:00ـی ئێوارە کاتێک سندووقەکان داخران، گەل قسەی خۆی کردووە و پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ گفتوگۆ و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ و لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن.''
عەممار حەکیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانی رووی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوو و گوتی: ''دەنگی خەڵک لە گەردنتانە و پارێزگاریکردن لە ئەنجامەکان بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە پاراستنی پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بن تاوەکو دواساتەکان.''