لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن: رێگری نییە بۆ هاتووچۆی خەڵک و بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دڵنیایی دەدات هیچ رێگرییەک نییە بۆ هاتووچۆی خەڵك لەکاتی دەنگدانی گشتیدا، بازگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت رێگری لە کەس بکرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەدا.
فەریق روکنی یەکەم د. قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆی رێکارە ئەمنی و لۆجیستییەکان بۆ پاراستنی پڕۆسەی دەنگدانی گشتی تەواو کراون، سەرجەم ئامێر و پێداویستییەکانی دەنگدان گەیێندراونەتە بنکە و وێستگەکان."
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن دەڵێت، "هیچ رێگرییەک بۆ هاتووچۆی خەڵك رێگەپێدراو نییە، سەرجەم بازگەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ جۆرێک رێگری لە هاتووچۆ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو ناوچە فیدراڵییەکان و ناوچەکانی جێگەبایەخی هاوبەش بکرێت."
دڵنیاییشی دا، لە سەرجەم پارێزگاکاندا هاتووچۆی خەڵك ئاسایی دەبێت و هیچ رێگری و قەدەخەیەکی هاتووچۆ نابێت.
بەگوێرەی راپۆرتی هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دەنگدانی تایبەتدا لە چەند ناوچەیەک دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانیان تۆمار کردووە.
بەڵام قەیس مەحمەداوی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ شتێکی لەو شێوەیە نەبووە، رێگە بە هیچ کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان نادرێت بچنە وێستگەکانی دەنگدانەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بەرپرسەکەی عێراق پلانی دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان رووندەکاتەوە و دەڵێت، "پلانمان وایە لە ماوەی 14 بۆ 18 کاژێر لەدوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، میمۆریی سەرجەم بنکەکان بگەیێندرێنە بەغدا و دوانیوەڕۆی رۆژی 12ی مانگ، حاڵەتی ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکان کۆتایی دێت."
رۆژی یەکشەممە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ سێشەممەش دەنگدانی گشتی دەکرێت.