سەرکردەکانی شیعە چاویان لە رێژەی بەرزی دەنگدانی خەڵكە

 

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لە بەغدا دەنگیاندا و زۆربەیان چاویان لەوەیە رێژەی بەشداریی خەڵک زۆر بێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت، هەڵبژاردن جەختکردنەوەیە لە پەیڕەوکردنی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانە و هەڵبژاردنی ئازادانەی نوێنەرانی خەڵک.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە کە لە وادەی دەستووریی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، جەختکردنەوەیە لە پەیڕەوکردنی بنەمای ئاشتییانەی دەسەڵات لەژێر سایەی سیستمی نوێی سیاسیی لە عێراقدا."

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بارەی هەڵبژاردنەوە باسی لەوەش کرد کە جەختکرنەوەشە لە پابەندیی گەل بە پەیڕەوکردنی ئەم پرۆسە دیموکراسییە کە هاووڵاتی بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و هۆشیارییەوە نوێنەری خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرێت.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە لەگەڵ لیستەکەی سوودانی  چاوەڕێ دەکرێت ببنە رکابەری سەرەکیی بردنەوەی کورسییەکان، پێشبینی دەکات رێژەی دەنگدانی خەڵك زۆر بێت.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "ئەمڕۆ بۆ عێراق رۆژێکی گەورەیە، خەڵکی عێراق لە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە تێدەگەن و رێژەی بەشداری زیاتر دەبێت. ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم هەڵبژاردن هەبوون تێپەڕێنران. هیوادارین خەڵک هەمووی بەشدار بێت و هەڵبژاردنەکەش ئەنجامێکی پاک و بێگەردی هەبێت."

هێشتا پرۆسەکە بەردەوامە، بەڵام عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە  داوایکرد دوای ئەنجامی کۆتایی گفتوگۆی حکومەتی نوێ دەستپێبکات.

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ عێراق و ئەم هەڵبژاردنە سەقامگیرییەکی بەردەوام بۆ عێراق دەهێنێت. ئەمڕۆ رکابەری کۆتایی هاتووە. کاژێر 6:00ـی ئێوارە کاتێک سندووقەکان داخران، گەل قسەی خۆی کردووە و پێویستە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ گفتوگۆ و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ و لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن."

شیعەکان لیستیان زۆر و رکابەرییان تووندە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب داوای بەشداریی کارا و رێژەی زۆری دەنگدان دەکات.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی: "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە زۆرترین بەشداریی تێدا بکرێت. ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، ئەمڕۆ عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو بونیات دەنرێتەوە. دیموکراسیەت زیاتر بەرجەستە دەکرێت. داهاتوویەکی گەشتر بونیات دەنرێت."

خەزعەلی باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ پەیامێک دەبێت بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان کە دیموکراسی لە عێراق جێگیر بووە و خەڵکەکەی پەیوەستن بە وڵاتەکەیانەوە. گوتیشی: "گەلی عێراق بێهیوا نەبووە، گەلی عێراق گەلێکی زیندووە و هیوای لەدەستنەداوە."

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەوت هەزار و 745 بەربژێر لە 18 بازنەی عێراق کێبڕکێی بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن.