جومانە غەلای بۆ رووداو: تەنیا کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پێویستە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دەنگدەر بۆ دەنگدان تەنیا پێویستی بە کارتی بایۆمەترییە و هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێویست نییە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرانسەری عێراقدا تەنیا کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پێویستە و ئەگەر لە هەر شوێنێک پێچەوانەی ئەم رێنماییە کاربکرێ، هاووڵاتی دەتوانێ سکاڵا تۆماربکات.
 
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی باسی لەوەشکرد، ئەگەر لە هەر شارێکی دیکە یان بنکەیەکی دەنگدان داوای بەڵگەنامەی زیاتر بکرێ، ئەوە کارێکە لە دەرەوەی رێنماییە و کۆمیسیۆن رێکاری پێویست دەگرێتەبەر.
 
لێدوانەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دوای ئەوە دێت لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جگە لە کارتی بایۆمەتری، داوای کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی دیکەی فەرمی لە دەنگدەران دەکرێ.