مافى مرۆڤ لە عێراق؛ وەزارەتەکەی هەڵوەشێندرایەوە و کۆمیسیۆنەکەشی سڕکراوە


رووداو دیجیتاڵ

دواى زیاتر لە 20 ساڵ لە رووخانى رژێمى بەعس، هێشتا دۆسیەى مافى مرۆڤ لە عێراق لەژێر پرسیاردایە، تاکە کۆمیسیۆنى نیمچە سەربەخۆى تایبەت بەو بوارە سڕکراوە، حەوت ساڵیشە عێراق بێ وەزارەتى مافى مرۆڤە.
 
رۆژی 10ى کانوونى دووەم رۆژى جیهانیى مافى مرۆڤ بوو، راگەیێندراوى بەرپرسانى عێراق بەو بۆنەیەوە بە ئاڕاستەى هاندانى رێزگرتن بوو لە مافى مرۆڤ و هەوڵ بۆ رێگرى لە پێشێلکردنى مافی مرۆڤ.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، عێراق ئێستا گۆڕەپانێکى بە پیتە بۆ کارکردنى کۆمەڵگەى مەدەنى و چالاکڤانان و گوتى: "رێوشوێنەکانى حکومەت بۆ بنبڕکردنى تووندڕۆیى تێگەیشتنێکى راستەقینەیە بۆ مافى مرۆڤ و پەیوەستین بە پاراستنى ئازادییە گشتییەکانەوە".
 
هەروەها موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە هەمان بۆنەوە جەختى لە گرنگیى پەیوەستبوون بە مافى مرۆڤ کردەوە و ئەو یاسا نێودەوڵەتى و نیشتیمانییانەى کە تایبەتن بە پاراستنى مافى بنەڕەتى هاووڵاتییان. مەندەلاوی دەڵێت: "یەکەم ئەرکى پەرلەمان جەختکردنەوەیە لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنى ئەداى دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەرامبەر بەو مافەى دەستوور بۆ هەموو تاکێکى عێراق".
 
کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ سڕکراوە
 
لە ساڵى 2021 کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق سڕکراوە، ئەویش بەهۆى کۆتاییهاتنى ویلایەتى کۆمیسیارەکانى، کە لە 12ى ئەیلوولی 2022 بە بڕیارێکى پەرلەمانى عێراق ئەندامانى ئەنجوومەنەکە خانەنشینکران و تائێستا ئەندامى نوێیان بۆ هەڵنەبژێردراوەتەوە و تەنیا نووسینگەکانیان کاردەکەن لە پارێزگاکان لە رێگەى وەرگرتنى سکاڵای هاووڵاتییان.
 
عەلى بەیاتى، گوتەبێژى پێشووى ئەو کۆمیسیۆنە، کە هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى بووە، سڕکردنى کۆمیسیۆنەکە بە بەڵگەیەک دەزانێت بۆ گرنگینەدان بە دۆسیەى مافى مرۆڤ لە عێراق.
 
عەلى بەیاتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کارى کۆمیسیۆنەکە لە چاودێریى لادانى دەسەڵاتدارەوە بووەتە پیرۆزباییکردن و پرسەناردن". بەیاتی پێیوایە ویستی سیاسی هەیە کە ئەو کۆمیسیۆنە کارا نەکرێتەوە.
 
پێشتر عێراق وەزارەتی مافی مرۆڤی هەبوو، بەڵام لە ساڵى 2015 وەزارەتەکە بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران هەڵوەشێندرایەوە.
 
رێککەوتن بێ جێبەجێکردن 
 
بەر لە ساڵى 2003 عێراق چووەتە نێو 13 پەیماننامە و 20 پرۆتۆکۆڵى تایبەت بە بوارە جیاوازەکانى پاراستنى مافى مرۆڤ کە کۆنترینیان پەیماننامەى رێگرى لە تاوانى کۆمەڵکوژى و سزادانى تاوانبارانى بووە، کە لە ساڵى 1948 واژۆى کردووە. 
 
بە بۆچوونى عەلى بەیاتى بەشداریکردنى عێراق لەو پەیماننامە و پرۆتۆکۆڵانە بۆ نێوخۆ تەنیا "نووسینى سەر کاغەز" بووە و دەڵێت: "ئەو هەنگاوە زیاتر بۆ قایلکردنى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بووە و لەنێوخۆدا جێبەجێنەکراوە، پەیماننامەکان گرنگن، بەڵام گرنگتر جێبەجێکردنەکەیەتى". 
 
بەیاتى ئاماژەى بەوەشدا کە رژێمى پێشووى حیزبى بەعس زۆر لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانى واژۆ کردووە بۆ پاراستنى مافى مرۆڤ، بەڵام جێبەجێى نەکردوون.