پەروەردەی عێراق مۆڵەت دەداتە بەربژێران و حەوت رۆژیش دەکاتە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڕیاریدا ماوەى یەک هەفتە مۆڵەتى ئاسایی بداتە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەى کە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەربژێرن و هەفتەیەکیش دەوامى قوتابخانەکانى کردە پشوو، ئەوەش بەهۆى بەکارهێنانى بەشێکی زۆریان وەکو ناوەندەکانى دەنگدان.
بەگوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى پەروەردەى عێراق، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە مۆڵەت دەدرێتە سەرجەم ئەو مامۆستا و کارمەندانەى وەزارەتەکە کە بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان. مۆڵەتەکە تاوەکو 19ی کانوونى دووەم دەبێت، واتە یەک رۆژ دوای هەڵبژاردن.
وەزارەتى پەروەردەی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئەو بڕیارە لەلایەن ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەوە دراوە لەپێناو "دوورخستنەوەى پرۆسەى خوێندن لە گۆڕەپانى سیاسی."
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەم لە 15 پارێزگا دەکرێت و پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان و حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدانى بۆ دەنگدانى گشتى تەرخان کردووە، ئەوە جگە لە دوو هەزار و 367 وێستگە و 565 بنکەى دەنگدانى تایبەت کە زۆرینەیان لە باڵەخانەى قوتابخانەکاندان.
وەزارەتى پەروەردەى عێراق بەهۆى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە، ماوەى یەک هەفتە پشووى خوێندنى لە سەرجەم پارێزگانى عێراقیش راگەیاند. پشووەکە لە سێشەممە 12ى کانوونى یەکەم دەستپێدەکات و تاوەکو 20ى کانوونى یەکەم بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەى وەزارەتى پەروەردەى عێراق، ئامانج لەو پشووە، ئامادەکردنى ناوەندەکانى دەنگدانە لەنێو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا.
16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس لە 15 پارێزگاى عێراق کە تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە کە بۆ یەکەمجارە لە دواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا دەکرێت و یەکەمجاریشە ئەو هەڵبژاردنە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.