سوودانى: کەسانێک دەیانەوێت بڕیارەکانی حکومەت شکست پێبهێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەیرانى عێراق، چەند کەس، گرووپ و لایەنێکى تۆمەتبار کرد بەوەى دەیانەوێت شکست بە بڕیارەکانی حکومەت بهێنن، بەبێ ئەوەى ناویان بهێنێت و گوتی، "لە قۆناخێکی گرنگداین لە مێژووى عێراق. ئەو قۆناخەش بێ مەترسى نییە."
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، چەند کەس، گرووپ و لایەنێک هەن کە دەیانەوێت خۆیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن و بڕیارەکانى دەوڵەت و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانى شکست پێبهێنن تاوەکو ببنە جێگرەوەى دامەزراوەکانى یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردنى وڵات.
ئەو گوتانەى سوودانى لە کاتی کۆبوونەوەى بوو لەگەڵ بەرپرسانى پۆلیسی فیدراڵیى عێراق، کە 10ى کانوونى یەکەم لە بەغدا بەڕێوەچوو.
محەممەد شیاع سوودانى گوتى، "ئەوان خۆیان ئەم بڕیارەیان بۆ خۆیان داوە، ئەوەش دەبینین کە لایەنێک بە ناپاک دەزانن و شکۆمەندی و نیشتمانپەروەرییش دەدەنە پاڵ لایەنى دیکە؛ بۆیە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگارییە دەوەستین کە خۆى لە بوونى چەند گرووپ، کەس و لایەنێک دەبینێتەوە. ئەوان دەیانەوێت رۆڵى دەوڵەت لە هەموو بواری یاسایی، نیشتمانى و دەستووریدا بگێڕن."
هۆشدارییەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق دواى سێ رۆژ بوو لە هێرشی مووشەکى بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، کە کاردانەوەى ئەمریکا و حکومەتى عێراقى لێکەوتەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، دەبێت پارێزگارى بکەن لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان و موڵکی هاووڵاتی.
سوودانى گوتیشى، "لە وێستگەیەکى گرنگداین لە مێژووى عێراق، لەبەر ئەوەى ئاڵنگارییەکان بەردەوامن و ئەم وێستگەیەش بێ مەترسى نییە و دەبێت بزانین چۆن ئامادەکاری دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەى."