نوجەبا: دەرکردنى ئەمریکا لە عێراق تەنیا نووسراوێکی حکومەتى دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەى نوجەبا دەڵێت، کاراکردنى بڕیارێکى پێشووى پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا تەنیا یەک نووسراوى حکومەتى دەوێت و دەشڵێت، "رێگەیەکی دیکە بۆ دەرکردنی داگیرکار بریتییە لە بەرگریی سەربازی کە مافێکی رەوای نیشتمانی و میللەتە و کەس ناتوانێت موزایەدەی لەسەر بکات، ئەوانە نەبێت خۆیان فڕێداوەتە باوەشی داگیرکار و بە نۆکەریی رازین".
11ى کانوونى یەکەمى 2023، ئەنجوومەنى سیاسیی بزووتنەوەى نوجەباى شیعە لە راگەیێندراوێکدا داوایکرد هەنگاوى جیدى لەلایەن حکومەت، هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانەوە هەبن بۆ کۆتاییهێنان بەوەى کە بە "هەژموونى باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق" ناوى بردووە؛ هەروەها داوا دەکات هەنگاو بنێن بە مەبەستی دەرکردنى ئەمریکا لە عێراق.
بزووتنەوەى نوجەبا رایگەیاندووە، "پێشتر بڕیارێکى پەرلەمان هەبوو بۆ دەرکردنى هێزە داگیرکارەکان و کاراکردنەوەى تەنیا یەک نووسراوى دەوێت کە لە حکومەتەوە بۆ ئاگادارکردنەوەى ئەمریکیەکان بنێردرێت بۆ کۆتاییهێنان بە بوونیان" و دەشڵێت، "بەوە کۆتایی بە داواکارییەکى پێشوو دەهێندرێت کە ئەمریکییەکان بانگەشەى ئەوە دەکەن هاتنیان لەسەر داواى عێراق بووە".
بزووتنەوەى نوجەبا یەکێکە لە گرووپە پێکهێنەرەکانى حەشدى شەعبى و داواى "بەرگریى سەربازى" دەکات بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و دەڵێت، "تەنیا ئەوانە موزادەیە بەو بابەتەوە دەکەن کە چوونەتە باوەشی داگیرکار و بوونەتە نۆکەرى".
ئەو بانگەوازەى نوجەبا دواى رۆژێک دێت لە لێدوانێکى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبارەى لەمپەرەکانى بەردەم حکومەتەکەى کە گوتى، "چەند کەس، گرووپ و لایەنێک هەن دەیانەوێت خۆیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن و بڕیارەکانى دەوڵەت، دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانى شکست پێبهێنن تاوەکو ببنە جێگرەوەى دامەزراوەکانى یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردنى وڵات".
بزووتنەوەى نوجەبا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەش داوە، پاڵپشتی ئەو هەڵوێستەى سەرۆکوەزیران دەکەن و "ئەوەى کە سەرۆکوەزیران دەڵێت، خۆیان سەپاندووە، مەبەست لێى ئەمریکا و باڵیۆزەکەیەتى لە عێراق".
ئەو بڕیارەی نوجەبا باسی دەکات، تەنیا چەند رۆژێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020دا هات کە بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق بوو.