کۆمیسیۆن دەڵیت "سەنگەرگواستنەوە"ی بەربژێرانی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، وادەى کشانەوەى بەربژێر لە لیستەکان تەواو بووە و ناتوانن لە لیستەکانیان بچنە دەرەوە و دەنگەکانیان بۆ هەژمار دەکرێت.
رۆژی 11ى کانوونى یەکەمى 2023، حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کاروبارى بەربژێران بە (تۆڕى میدیایی رووداو)ى راگەیاند: "ئێستا هەر بەربژێرێک لە لیستێکى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بکشێتەوە ناتوانێت لەو لیستە دەربچێت و روو لە لیستێکى دیکە بکات."
حەسەن ئەبو مەسار گوتی: "بەر لە راستاندنى ناوى لیست و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردن ئەو بەربژێرانە دەیانتوانى ناویان لە لیستەکان دەربهێنن، بەڵام لە دواى پەسندکردنى ناتوانن ئەو هەنگاوە بنێن".
لە دواى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 1ـی تشرینى دووەم چەند بەربژێرێکى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کشانەوەى خۆیان لە لیستەکانیان راگەیاند و هەندێکیان پەیوەندیان بە لایەنى سیاسی دیکەوە کرد.
حەسەن ئەبو مەسار گوتى: "ئەو بەربژێرەى لە لیستێک دەکشێتەوە، ناوى لە لیست و سەر کارتى دەنگدان دەمێنێت و ئەو دەنگانەى پێى دەدرێت بۆى هەژمار دەکرێت، ئەگەر دەنگى پێویستى بەدەستهێنا بۆ بوون بە ئەندامى ئەنجوومەن، ئەوکات بڕیار دەدات لە کام لیستەدا دەبێت."
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەم لە 15 پارێزگا دەکرێت و پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.