تەندروستیی عێراق: شەش کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری زیانە گیانییەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکانی سێ رۆژی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان لە کەرکووک بوون.
 
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە تایبەتە بە رۆژانی 9 تاوەکو 11ی ئەم مانگە، بەهۆی کاریگەرییەکانی بارانبارین، تەزووی کارەبا و رووخانی خانوو، شەش هاووڵاتی لە پارێزگاکانی کەرکووک، زیقار، واست و دیوانییە  گیانیان لەدەستداوە.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە، لە پارێزگای کەرکووک کچێکی تەمەن حەوت ساڵان لە گوندی فورقانی ناحیەی لەیلان بەهۆی لافاوەوە خنکاوە، هەروەها پیاوێکی تەمەن 73 ساڵ لە گەڕەکی شۆراو بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستداوە.
 
سەبارەت بە پارێزگاکانی دیکە، لە قەزای شەترەی سەر بە زیقار، رووخانی خانوو بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس کە کچێکی 16 ساڵ و کوڕێکی حەوت ساڵ بوون، لە پارێزگاکانی واست و دیوانییەش دوو گەنج بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو کەس لە کەرکووک و نەجەف بەهۆی تەزووی کارەباوە بریندار بوون.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لە رزگارکردنی 30 فەرمانبەر لە بنکەی تەندروستیی باداوە دەکات، کە بەهۆی لافاوەوە گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنەوە سەرجەمیان رزگار کراون.
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین عێراق و باشووری کوردستانی گرتەوە کە بەهۆیەوە لە چەندین ناوچە لافاو دروست بوو.