پەرلەمانی عێراق راسپاردە لەبارەی داهاتى نانەوتى و کێشەی گومرگ ئامادە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی داوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی گومرگ و داهاتى نانەوتى، بڕیارە راسپاردە لەبارەیەوە ئامادە بکرێت.
 
 سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە دراوە، بەڵام ئەندامانی دیاری نەکراون و دەنگیان لەسەر نەدراوە."
 
پێکهێنانی ئەو لیژنەیە، لەبەر رۆشنایی میوانداریکردنی بەڕێوەبەرانی گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ و باج و دەروازە سنوورییەکانى عێراق بوو لە دانیشتنى 11ی کانوونی دووەمی 2026ى پەرلەمان.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لیژنەیە کار لەسەر کۆکردنەوەی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەکات بۆ ئەو سێ دامەزراوەیە لەبارەی کێشەکانی داهات و گومرگ، دوای کۆکردنەوەی راسپاردە لەبارەیەوە ئامادە دەکات، کە هەندێکیان بۆ حکومەت و ئەوانی دیکە لەڕووی یاساییەوە چارەسەر دەکرێن.
 
هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی پێناسی نوێی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتییە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی و داهات لە 10 مانگی سەرەتای 2025، بڕی داهاتی نانەوتی 10.3 تریلیۆن دینار بووە، کە تەنیا 10%ی داهاتی گشتی بووە.