گومرگی عێراق: بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە 'ئەسیکۆدا' بڕیاری سیاسیی دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق رایدەگەیێنێت، 75%ی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە فیدراڵییەکان تەواو بووە، بەڵام جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان "پێویستی بە بڕیارێکی سیاسییە."
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە 12-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سیستمی ئەسیکۆدا بە رێژەی 75% لای ئێمە تەواو بووە و هەموو دەروازە فیدراڵییەکانمان بە ئەلیکترۆنی کراون و ئامادەی کارکردنن."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق ئاشکرای کرد، ئێستا زیاتر لە 25 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە کار دەکەن و "کاڵاکانیان بەبێ هیچ گرفتێک لە دەروازە فیدراڵییەکانەوە دەهێننە ژوورەوە."
سەبارەت بە بەستنەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەو سیستمەوە، سامر قاسم دەڵێت، لە رووی تەکنیکییەوە هیچ خاڵێکی ناکۆک نییە و هاوئاهەنگی هەیە، بەڵام "پێموایە بڕیارێکی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە سەبارەت بە پرسی بەستنەوە بە سیستمی ئەسیکۆدا."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی عێراق: "سەرەڕای ئەوەی رێککەوتنی زارەکیی تەواو هەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی لەسەر کاخەز جێگیر نەکراوە."
سامر قاسم هۆشداری دەدات کە سەرەکیترین گرفت، بە ئەلیکترۆنینەکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت بۆ "راگەیاندنی پێشوەختەی گومرگی" کە پەیوەستە بە حەواڵەی دۆلار.
سامر قاسم گوتی: "ئەگەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەسیکۆدا نەبەسترێنەوە، سیستمەکە ناتوانێت راگەیاندنی پێشوەختە بکاتەوە یان حەواڵە داراییەکان کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە ناتوانرێت دڵنیایی بدرێت لەوەی کاڵاکە لە بەرامبەر ئەو پارەیەی چووەتە دەرەوە، هاتووەتە نێو وڵات."
ئەو بەرپرسە دووپاتی کردەوە، لەمەودوا هیچ دۆلارێک بۆ دەرەوە ناڕوات بەبێ ئەوەی لەو سیستمەدا تۆمار بکرێت، بۆیە "تەنیا چارەسەر بۆ ئاسانکاریی حەواڵەی دارایی و کاری بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەستنەوەی دەروازەکانە بە سیستمی ئەسیکۆدا."
سەبارەت بە دەنگۆی زیادکردنی باج لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمەکە، بەڕێوەبەری گومرگی عێراق رەتیکردەوە نرخەکان بە "هەڕەمەکی" زیاد کرابن و گوتی: "ئێمە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2010ی پێناسەی گومرگیمان جێبەجێ کردووە کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کراوە."
سامر قاسم پێیوایە جێبەجێکردنی پێناسەیەکی گومرگیی کەمتر لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی تێکچوونی "دادپەروەری" لەنێوان بازرگانان و زیان بە بەرهەمی نێوخۆیی دەگەیێنێت.
ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە؛ بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات. 108 وڵات کاری پێدەکەن. ئەو بازرگانانەی لەو سیستمەدا تۆمارکراون، دەتوانن کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار (1320 دینار) هاوردە بکەن.