بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان؛ عێراق مۆڵەتی خوێندن رادەگرێت و بڕوانامەی نوێ هەژمار ناکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ژمارەیەک بڕیاری "تووند"ـی دەرکرد؛ بەپێی بڕیارەکان بڕوانامەی بەدەستهاتوو لە کاتی خزمەتدا هەژمار ناکرێت و مۆڵەتی خوێندنیش بۆ 5 ساڵ رادەگیرێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "حکومەت بە قورسی مووچە دابین دەکات."
 
رۆژی 11-01-2026، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری و بەمەبەستی پاشەکەوتکردنی دارایی، کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد.
 
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکان، لەمەودوا تەنیا ئەو بڕوانامەیە هەژمار دەکرێت کە فەرمانبەر لە کاتی دامەزراندنیدا پێشکەشی کردووە؛ واتە هەر بڕوانامەیەک لە کاتی خزمەتدا بەدەستبهێنرێت، بۆ هیچ مەبەستێک (وەکو بەرزکردنەوەی مووچە یان پلە) هەژمار ناکرێت.
 
لەم بڕیارەدا تەنیا ستافی وانەبێژ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پسپۆڕییە پزیشکی و پەرستارییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەدەر کراون، ئەویش بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران.
 
هاوکات بڕیاردراوە بۆ ماوەی 5 ساڵ، پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەموو فەرمانگەکانی دەوڵەت و ناردنی قوتابیان بۆ دەرەوە لەسەر بودجەی حکومەت، بە تەواوی رابگیرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی حکومەتدا هاتووە، پشکی سووتەمەنیی (بەنزین و گاز)ـی تەرخانکراو بۆ سەرجەم وەزارەتەکان و پارێزگاکان بە رێژەی 50% کەم دەکرێتەوە. سەبارەت بە موەلیدەکانیش، تەنیا 6 مانگ مۆڵەت دراوە تاوەکو سیستمەکانیان بگۆڕن بۆ وزەی خۆر.
 
هەروەها بڕیاردراوە بە فرۆشتنی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلە حکومییانەی تەمەنیان 15 ساڵ و زیاترە (جگە لە ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنان) و قەدەخەکردنی کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ.
 
قەدەخەکردنی گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ ئەو وەزارەتانەی خەرجییان زۆرە (وەکو نەوت، دارایی، بەرگری و خوێندنی باڵا) یەکێکی دیکەیە لە بڕیارەکان.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 12-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی دارایی عێراق دژوارە، نرخی نەوت دابەزیوە و قەرزەکانی سەر عێراق کەڵەکە بوون، بۆیە حکومەت بە قورسی مووچەی فەرمانبەران دابین دەکات."
 
بە بڕوای جەمال کۆچەر، حکومەت ناچارە دەست بە چاکسازی بکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و لە داهاتوودا "بڕیاری دیکەش دەردەکات."
 
سەبارەت بە دەستکاریکردنی مووچە، ئەو پەرلەمانتارە بە دووری دەزانێت مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی کەمبکرێتەوە، بەڵام دەڵێت: "رەنگە مووچەی پلەبەرز و باڵاکان کەم بکرێتەوە."