ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە: نابێت پارێزگار مۆڵەتی نەخۆشی وەربگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، داوا لە فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگاکە دەکات، هیچ جۆرە مۆڵەتێکی نەخۆشی نەداتە پارێزگاری دیوانییە، تاوەکو لێپرسینەوەی کۆتایی دێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی، کە واژۆی محەممەد شخێر غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییەی لەسەرە، ئەنجوومەنەکە رەتیدەکاتەوە مۆڵەتی نەخۆشی بدرێتە عەباس زامی، پارێزگاری دیوانییە لە ماوەی لێپرسینەوە لەگەڵیدا.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لێپرسینەوە رێکارێکی چاودێریی پێویستە و ناکرێت پەکبخرێت، بۆیە پێدان یان پەسندکردنی مۆڵەتی نەخۆشی لە ماوەی لێپرسینەوەدا، دەبێتە رێگر لە رێکارێکی چاودێریی فەرمی."
تاریق برقعاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە و یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی ئینقازی دیوانییە، کە واژۆی لەسەر یاداشتی لێپرسینەوەکە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''لەسەر سەرپێچیی روونی یاسایی، دارایی و کارگێڕی، لێپرسینەوە لەگەڵ عەباس زاملی، پارێزگاری دیوانییە دەکرێت.''
ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بڕیارەکەی بە پشتبەستن بە یاسای پارێزگاکان ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراو دەرکردووە، پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە 238ی ئەنجوومەنەکە کە لە دانیشتنی نائاسایی ژمارە 36 لە رۆژی 6-1-2026 دراوە، بۆ 30 رۆژ لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.
عەباس زاملی، لەدایکبووی 1971 و سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە یەکەم کاردانەوەدا بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییەی بە سیاسی وەسفکرد و گوتی: "دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ئەو کارەیان کردووە."