15 کەس خۆیان بۆ دوو جێگری پارێزگاری نەینەوا بەربژێر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
15 کەس خۆیان بۆ هەردوو پۆستی جێگرانی پارێزگاری نەینەوا بەربژێر کردووە، کە یەکێکیان پشکی کوردە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی پێشکێش کردووە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 15 کەس سیڤی-یان پێشکێش کردووە وەکو بەربژێر بۆ پۆستی جێگرانی پارێزگاری نەینەوا، رۆژی پێنجشەممە 15ی کانوونی دووەم، دەرگای خۆبەربژێرکردن دادەخرێت."
لە 4ی کانوونی دووەمى 2026 دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ هەردوو پۆستەکە کرایەوە، کە تاوەکو 8ی هەمان مانگ بوو، بەڵام دواتر درێژکرایەوە.
سیروان رۆژبەیانی لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و عومەر مەولا لە لیستی هەویەی نیشتمانی بوونەتە پەرلەمانتاری عێراق، کە پێشتر جێگرانی پارێزگاری نەینەوا بوون و پۆستەکانیان چۆڵ بووە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی راگەیاند، "پارتی فارس بریفکانیی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە."
فارس بریفکانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 10 مەرجی دیاری کردووە کە دەبێت لە بەربژێری جێگرانی پارێزگاردا هەبێت، گرنگترین مەرجەکان ئەوەن کە هاووڵاتی 30 ساڵی تەواو کردبێت و لە 57 ساڵ گەورەتریش نەبێت، سزا نەدرابێت بە تاوانی نامووس، و یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرتبێتەوە، لانیکەم خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، خەڵکی نەینەوا بێت و بەردەوام لێی نیشتەجێ بێت، و ئەزموونی کارکردنی زیاتر لە 10 ساڵی هەبێت.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، فراکسیۆنی هەویەی نیشتمانی (بابلیۆن)، خالید عەبدولکەریمی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی جێگرەکەی دیکەی پارێزگار کە کوردێکی شەبەکە.