وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کاتی قەدەخەکردنی راوکردنی ماسی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەمەبەستی پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی گەراداناندا، کاتەکانی قەدەخەکردنی راوکردنی ماسی لە پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت: "هەرکەسێک سەرپێچی بکات دەستگیر دەکرێت."
وەلید محەممەد رزوقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 11-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان لیژنە پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
لەبارەی سزاکانەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "هەر کەسێک لەو کاتانەی دیاریکراون سەرپێچی بکات، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، هەروەها دەست بەسەر ماسی و کەرەستەکانی راوکردنیشیدا دەگیرێت."
بڕیارەکە بەپێی یاسای ژمارە 48ـی ساڵی 1976 دەرکراوە کە تایبەتە بە رێکخستن و پاراستنی راوکردن. بەپێی بڕیارەکەش؛ راوکردن، فرۆشتن و گواستنەوەی ماسی لە سەرجەم رووبار، دەریاچە و زۆنگاوەکاندا بەپێی ناوچە جوگرافییەکان بەمشێوەیە قەدەخە دەکرێت:
ناوچەی یەکەم: پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، قادسیە و نەجەف (لە 15ـی شوبات تاوەکو 15ـی نیسانی 2026).
ناوچەی دووەم: پارێزگاکانی بەغدا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار، بابل، کەربەلا و واست (لە 15ـی شوبات تاوەکو 1ـی ئایاری 2026).
ناوچەی سێیەم: پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا (لە 15ـی ئادار تاوەکو 1ـی تەممووزی 2026).
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە ماسیی دەریایی و ئەو ماسیانە ناگرێتەوە کە لە حەوزە مۆڵەتپێدراوەکاندا بەخێو دەکرێن وەک (کارپی ئاسایی، کارپی گیاخۆر و کارپی زیوی)، بە مەرجێک سەرچاوەکەیان بە فەرمی بسەلمێندرێت.
دیاریکردنی ئەو ماوانە بۆ قەدەخەکردنی راوکردن، بەپێی جۆری کەشوهەوای ناوچەکان و پلەی گەرمیی ئاوی دەریاچە و رووبارەکان دیاریکراوە.