پەرلەمانی عێراق لەسەر رێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا دوو وەزیر بانگهێشت دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی رێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا، بڕیاری دا هەفتەی داهاتوو هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بانگهێشت بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، بڕیار رەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگهێشتنامەی فەرمییان ئاراستەی هەریەک لە وەزیری دەرەوە و وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کردووە و بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە پەرلەمان ئامادەبن.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئامانجی بانگهێشتکردنەکە بریتییە لە "بەدواداچوون بۆ رێکارەکان و ئاگاداربوون لەوەی کە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بە کوێ گەیشتووە."
 
بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی ئەندامانی پەرلەمان لەو داواکارییەدا بەشدارن و پرسی ئاو و رێککەوتنەکەی تورکیا دەبێتە "تەوەری سەرەکیی" دانیشتنەکەی هەفتەی داهاتوو.
 
بانگهێشتکردنی ئەو دوو وەزیرە لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا تێپەڕیوە. ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەڵێت: "پێویستە وردەکارییەکان لە پەرلەمان ئاماژەیان پێبدرێت و بزانین گەیشتوونەتە چ خاڵێک."
 
رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا رێوڕەسمی واژۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی هاریکاریی تایبەت بە ئاو لەنێوان تورکیا و عێراق بەڕێوەچوو.
 
رێککەوتنەکە لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە واژۆ کرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتنەکە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو و جێبەجێکردنی پاکێجێک پڕۆژەی گەورەی هاوبەش لە کەرتی ئاودا، ئەوەش بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی.