یەحیا رەسووڵ: کۆبوونەوەکان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ قۆناخی پەیوەندیی دوو قۆڵین
رووداو دیجیتاڵ
دووەم کۆبوونەوەى لیژنەى سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش بەڕێوەچوو. گوتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەڵێت، "لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوانە، خشتەیەکى کاتى بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناخی پەیوەندیى دوو قۆڵى ئامادە دەکرێت."
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، 11ـی شوبات لیژنەى باڵاى سەربازیى عێراق کۆبوونەوەکانى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دەستپێکردەوە، ئەوەش بە مەبەستی هەڵسەنگاندنى دۆخى سەربازى، ئاستى مەترسییەکان، رێوشوێنەکان و تواناى هێزە چەکدارەکانى عێراق.
لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاند، لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوانە خشتەیەکى کاتى گەڵاڵە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی راوێژکارانی سەربازیی بەشێوەیەکى قۆناخ بە قۆناخ کە ئامانجەکەی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش و هەنگاونان بەرەو قۆناخی پەیوەندى دوو قۆڵى دەبێت.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەیە لە سێ هەفتەدا لەنێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەبارەى ئاییندەى ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش بکرێت.
لە 27ـی کانوونى دووەمى 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا سەرۆکایەتى یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى سەربازى نێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعشی کرد.
گوتەبێژى فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، کە ئەگەر هیچ بەربەستێک دروستنەبێت، ئەو کۆبوونەوانە بەشێوەیەکى خولی لەنێوان هەردوولادا دەکرێن بۆ ئەوەى کارى لیژنەکە بە زووترین کات جێبەجێبکرێت.
کۆبوونەوەى نێوان شاندی سەربازیى ئەمریکا وهاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش هاوکاتە لەگەڵ جووڵەى بەشێک لە ئەندامانى شیعەى پەرلەمانى عێراق بۆ ئامادەکردنى پێشنیازە یاسایەک لەبارەى ئایندەى بوونى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق.
ئەو جووڵەیە دواى ئەوە هات کە سوپاى ئەمریکا لەکاردانەوەى هێرشکردنە سەر بنکەکانى لە عێراق و سووریا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى سەر بەو گرووپە چەکدارە شیعانەى خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن.