وەزارەتی بازرگانی: بەبێ پشکنینی ورد هیچ مادەیەکی خۆراکی دابەش ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، بەبێ پشکنینی ورد هیچ مادەیەکی خۆراک دابەش ناکرێت و دەشڵێت گەنم لە رووسیا، کەنەدا و ئەمریکا هاوردە دەکەن، لەکاتێکدا ئەگەر بەرهەمی نێوخۆیی بەشی نەکرد.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 12ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێیداون، وەزارەتی بازرگانی لە 2022ـەوە گریێبەستی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردووە بۆ کڕینی مادەی خۆراکی سەبەتەی خۆراک.
بە گوتەی محەممەد حەنوون، کەرتی تایبەتی عێراق خۆی گرێبەستی کڕینی سەبەتەی خۆراک دەکات، جگە لە ئارد کە پشت بە دامەزراوەی نیشتمانی یان هەر دامەزراوەیەکی دەبەستن کە نووسینگەی سەرۆکوەزیران دیاری دەکات، گەنم لە رووسیا، کەنەدا و ئەمریکا هاوردەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەرهەمی نێوخۆیی دەبەستن.
سەبەتەی خۆراک پێکدێت لە ئارد، برنج، پاقلەمەنی، شەکر، روونی شل و دۆشاوی تەماتە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، مادەکانی سەبەتەی خۆراک لە دامەزراوە جیهانییەکان هاوردە دەکرێن، هەمان ئەو مادەن کە لە بازاڕی نێوخۆییدا دەفرۆشرێت، لە هەمان کاتدا پشت بە بەرهەمی نیشتمانی دەبەستن لە رۆنی شل و شەکر دا. هەرچی پاقلەمەنی و دۆشاوی تەماتەیە لە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات هاوردە دەکرێن.
سەبارەت بە دڵنیابوون لە جۆر و ماوەی بەسەرچووی ئەو مادە خۆراکییانە، محەممەد حەنوون گوتی، مادەکان لە تاقیگەکە پشکنیان بۆ دەکرێت، هیچ مادەیەکی خۆراکی بەبێ پشکینینی ورد دابەش ناکرێت، کە بڕوانامەی ئایزۆ و پشتپێبەستراوی نێودەوڵەتی-یان هەیە.