وەزارەتی ناوخۆی عێراق: مافی مانەوە بە ئەفسەرانی سوپای سووریا نەدراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیکردەوە مافی مانەوەی بە ئەفسەر و سەرکردەکانی سوپای رژێمی بەشار ئەسەد دابێت.
ئەم رەتکردنەوەیە لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا هات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە بەوەی، حکومەتی عێراق مافی مانەوەی کاتیی بە دەیان ئەفسەری سوپای سووریا داوە.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و وەزارەتەکەیان ئەو مافەی بە هیچ ئەفسەرێکی سوپای پێشووی سووریا نەداوە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، نزیکەی 2,150 سەرباز و ئەفسەری سوپای سووریا لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە هاتنە نێو عێراق و لە کەمپێکدا لە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
کەمپەکە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مورەسەنات کە 70 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای روتبە و چوارڕیانی ترێبڵ و تەنەفەوە دوورە.
عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیچ سەربازێکی سووری لەو کەمپەدا نەماوەتەوە و هەموویان گەڕاونەتەوە سووریا، جگە لە 150 کەس کە ڕەوانەی بەغدا کراون.
رۆژی 7-12-2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی 2,000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێنا و بە رەزامەندیی ئێمە، لە سنوورەکان هاتنە نێو خاکی عێراقەوە."