هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسرووڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان؛ هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، گەشتەکانی بۆ لوبنان زیاد دەکات.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە 21ی ئەم مانگەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەبێتە دوو گەشتی رۆژانە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا رۆژانە یەک گەشتی ئاسمانی بۆ بەیرووت دەکرێت، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گەشتەکان، لە 21ی ئەم مانگەوە دەکرێتە دوو گەشتی رۆژانە.
 
زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ بەیرووت، لە کاتێکدایە بڕیارە 23ی ئەم مانگە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا و هاشم سەفییەدینی جێگری بەڕێوەبچێت، کە هەردووکیان لە بۆردوومانی ئیسرائیلدا کوژران.
 
عەلی زاهر، رێکخەری باڵای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە، دوێنێ 11-02-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێوڕەسمەکە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی خۆجێیی لە شاری کەمیل شەمعونی وەرزشی لە بەیرووت دەستپێدەکات.
 
بە گوتەی رێکخەری باڵای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە، نوێنەرانی 79 وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن لە ئاستی شاندی فەرمی، یاخود شاندی جەماوەری.
 
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، رۆژی یەکشەممە 02-02-2025 رایگەیاند، رۆژی 23ی شوبات لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفییەدین بەخاک دەسپێردرێن، چونکە "لە دۆخێکی دژواردا شەهید بوون، دەرفەت نەبووە دەستبەجێ بەخاک بسپێردرێن."