دەستپاکیى عێراق: بۆ 'کرێکارى بیانیى نایاسایی' هاوئاهەنگى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راپۆرتێکدا لەبارەى کێشەى کرێکارانى بیانیى نایاسایی داوا دەکات هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بکرێت و رسووماتى هێنانى ئەو کرێکارانە زیاد بکرێت و ئەوانەشى بە ناوى گەشتیارییەوە دەچنە عێراق لەکام دەروازە هاتوون؛ لەوێوە بگەڕێنەوە.
 
پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی دزەکردنی نایاسایی کرێکارانی بیانی بۆ ناو عێراق بڵاوکردەوە.
 
دەستەکە پێشنیازی کردووە رسووماتی هێنانی کرێکاری بیانی زیاد بکرێت و رێکاریش بگیرێتەبەر بۆ رێگری لە دووبارە هاتنەوەی ئەو کرێکارە بیانییانەی دوور دەخرێنەوە و بە پاسپۆرتێکی نوێوە دەگەڕێنەوە.
 
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە 2024 دەریكردووە، وەبەرهێنەر و خاوەنکاران ناچار کران کە تەنیا 20%ی کرێکارەکانیان بیانی بن و ئەوانی دیکە عێراقی بن، هەر کرێکارێکی بیانی بیەوێت لە عێراق کار بکات، دەبێت 250 هەزار دینار رسوومات بدات.
 
دەستەی دەستپاکی داوای کردووە کە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی چەند پێشنیازێکی دیکە بۆ رێگری لە دزەپێکردنی کرێکارانی بیانی، لەوانە: پێویستە گرووپەکانی گەشتیاری لە هەمان ئەو دەروازەیەوە بچنەدەر کە لێوەی هاتوون و لەوێ پاسپۆرتەکانیان لێ وەرگیرابێتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە خۆدزینەوەیان، بە پێچەوانەوە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
یەکێک لە پێشنیازەکانی دیکە ئەوەیە کە رێگری بکرێت لە چوونە ناوەوەی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی بۆ ناو عێراق و بەدواداچوون بۆ ئەوانە بکرێت کە بە پاساوی گەشتیاری چوونەتە عێراق و رێگەیان پێنەدرێت لە دوای کۆتایی ماوەی یاسایی مانەوەیان لە ناو عێراقدا بمێننەوە.
 
25ـی تشرینی دووەم تاوەکو 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرفەتی بە کرێکارانی بیانی دا بۆ ئەوەی دۆخی یاسایی خۆیان لەگەڵ یاسای کاری عێراق بگونجێنن و خۆیان تۆمار بکەن.
 
دەستەی دەستپاکی پێشنیازی کردووە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکات بۆ دانانی رێکاری پێویست بۆ رێگری لە دزەپێکردنی کرێکارانی بیانی لە نێوخۆدا، کە بە ناوی گەشتیاری بێت یان هەر شێوازێکی دیکە لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
 
حەسەن خەوام، گوتەبیژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە ماوەى چەند رۆژى رابردوودا کۆبوونەوەیەک لە نێوان نوێنەرانى وەزارەتەکەى و وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان کراوە بۆ دروستکردنى ئەو هاوئاهەنگییە.
 
بەگوێرەى ئامارەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی، 47 هەزار کرێکارى بیانى لە عێراق تۆمارکراون و مۆڵەتى فەرمى کارکردنیان هەیە.