بۆ جێکردنەوەی چەکدارانی داعش؛ زیاتر لە چوار هەزار زیندانی لە بەغدا دەگوازرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

کاروانی گیراوانی داعش پەیتا پەیتا لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگوازرێنەوە گرتووخانەکانی عێراق و تائێستا نزیکەی 6 هەزار گیراوی داعش بە 34 کاروان گواستراونەتەوە.
 
رۆژی هەینی رابردوو دوایین کاروانی گیراوانی داعش گەیشتە عێراق. ئێستا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 7 هەزار کەس.
 
سەفا جابری، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی سادیقوون لەبارەی گواستنەوەی گیراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی پەیوەندی بە گواستنەوەی گیراوان و پاراستن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بێت، ئەوەیە ئەگەر تاوانیان بەرامبەر عێراقییەکان کردبێت و تێوەگلابن، رەوانەی دادگەی عێراقی دەکرێن بۆ گرتنەبەری تەواوی رێکارەکان. من وەک پەرلەمانتار لەگەڵ ئەو رێکارانەم".
 
گیراوانی داعش هەڵگری وڵاتینامەی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانن. ئەمەش بووەتە هۆکار بەشێکی لایەنە عێراقییەکان بە ترس و نیگەرانییەوە لە گواستنەوە و راگرتنیان لە عێراق بڕوانن.
 
شاکر تەمیمی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی فەتح نیگەرانە لە گواستنەوەی ئەو ژمارە زۆرە، بە رووداوی گوت: "باشتر بوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بیگواستبانەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، چونکە ژمارەی عێراقییەکانیش بەو شێوەیە نین. حکومەتی عێراق هیچ زانیارییەکی لەبارەیانەوە نییە. ئەوانە کە دێنە گرتووخانەکان لەوانەیە کاریگەرییان لەسەر گیراوەکانی دیکەش هەبێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە".
 
بۆ ئەوەی شوێنی گیراوانی داعش ببێتەوە، زیاتر لە چوار هەزار بەندکراوی گرتوونخانەی کەرخی بەغدا گواستراونەتەوە گرتووخانەکانی بابل و ناسڕیە. 
 
پرسی گیراوانی داعش رادەستی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کراوە، ئەو داعشانەیشی کە بیانین و لە عێراق تاوانیان ئەنجامداوە، هەر لە عێراق و بە دادگە و یاسای عێراقی دادگەیی دەکرێن.
 
بەگوتەی بەرپرسانی عێراق، ئەو وڵاتانەشی داوای گیراوەکانی خۆیان کردووە، عێراق لاری نییە لە رادەستکردنەوەیان بەو مەرجەی لەعێراق هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەدابێت.