عێراق: لە کۆریای باشوور باڵەخانەمان نییە تاوەکو بیفرۆشین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسی فرۆشتنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سیئۆل بە هونەرمەندێکی کۆری دەکەن و رایگەیاند: "عێراق لەو وڵاتە خاوەنی هیچ باڵەخانەیەک نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ ئەو هەواڵانە کردووە کە لە هەندێک میدیادا سەبارەت بە فرۆشتنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سیئۆل بە کەسایەتییەکی هونەریی کۆریای باشوور بڵاوکراونەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "کۆماری عێراق خاوەنی هیچ باڵەخانەیەکی باڵیۆزخانە یان خانووی نیشتەجێبوون نییە لە کۆریای باشوور؛ باڵیۆزخانەکە بارەگاکانی خۆی بەپێی گرێبەستی کرێی فەرمی بەکاردەهێنێت، کە لەلایەن دەوڵەتی میواندارەوە پەسندکراون و ئەمەش هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆری نێردە دیپلۆماسییەکانی دیکەی وڵاتان و بەپێی رێکارە کارگێڕییە دیپلۆماسییەکانە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە فرۆشتنی باڵەخانەیەکی موڵکی دەوڵەتی عێراق بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات وردبن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، بۆ ئەوەی زانیاریی نادروست بڵاونەبێتەوە.