نووسراوێکی بەغدا: هەندێک بەرهەم بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، کە لەوێ ناڕوێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە نووسراوێک ئاگاداری دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەکاتەوە رێگە نەدەن ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی هاوردەکردنیان قەدەخەیە لە هەرێمی کوردستانەوە ببرێنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، گوایە هەندێک لەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکاندا هەن بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە کراون، بەڵام لەوێ ناڕوێن. بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە داوای گۆڕینی نووسراوەکەیان لە بەغدا کردووە و بۆ ئەو مەبەستە داوای کۆبوونەوەیان کردووە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە 8ی شوباتی 2026، ئاراستەی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی کردووە، داوای لێکردوون رێوشوێنەکانیان تووند بکەنەوە بۆ رێگری لە تێپەڕبوونی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە گوایە ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان ناچێنرێن و بەرهەم ناهێنرێن.
سێوی زەرد، مۆز، کێوی، ترێ، کاڵەک، شووتی، هەنار، تەماتە، پەتاتە، پیاز، لۆبیا، کولەکە، باینجان، بیبەر و سیر، ئەو بەرهەمانەن کە لە نووسراوەکەدا ئاماژەیان پێدراوە کە گوایە بڕێکی زۆریان لە نێو شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەدیکراون و لە دەرەوە هاوردەکراون، سەرەڕای ئەوەی بڕیاری قەدەخەی هاوردەکردنیان دەرچووە، ئەوە جگە لە چەند بەرهەمێکی دیکە کە بەگوێرەى نووسراوەکە لە عێراقدا ناچێنرێن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "لەدوای بەدواداچوونی سەرچاوەی ئەو بەرهەمانە دەرکەتووە زۆرینەیان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە براونەتە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور و پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان هەبوو، وەک بەرهەمی ناوخۆیی، لەگەڵ ئەوەی ئێستا وەرزی ئەو بەرهەمانە نییە لە هەرێمی کوردستان و هەندێکی دیکەیان لێرە هەر ناڕوێن".
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو نووسراوەی وەزارەتی کشتووکاڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو کێشەیەی کە لە بازاڕەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست بووە و رێگە بە چوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نادرێت ببرێن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
چەند رۆژێکە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە چوار بازگەی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی رێوشوێنی تووندیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە چوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، نەینەوا.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوە هەڵەی زۆری تێدایە و داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ کردووە کە هەمواری بکاتەوە و داواشمان لێکردوون کە کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە بکەین و وردەکاری ئەوەشمان پێ بڵێن، کە رێگەپێدان بەو بەرهەمانە لە کام بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەرچووە."
بەگوێرەی ئامارێک کە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ رووداوی ناردووە، 420 پیکاب و بارهەڵگریان لە دەروازەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە کە گوایە بەرهەمی کشتوکاڵی رێگەپێنەدراویان بارکردووە بۆ ئەوەی بیبەنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.
رزگار حەمەد خدر رایگەیاند، ئەو بەرهەمانەی لە نووسراوەکەدا باسکراوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم ناهێنرێن تەنیا پەتاتە نەبێت، ناوی مۆز و سێوی زەردیش هێنراوە کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم ناهێنرێن.