عێراق کاتی دەوامی فەرمی لە مانگی رەمەزاندا کەمکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لە مانگی رەمەزاندا، کاتی دەوامی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومەتییەکان یەک کاژێر کەم بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-2-2026، ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت، پارێزگا و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەتی کردووە، رایگەیاند: "لە مانگی رەمەزاندا کاتی دەوامی فەرمی یەک کاژێر کەم دەکرێتەوە."
 
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەت و فەرمانگەکان سەرپشک کراون لەوەی ئەو یەک کاژێرە کەمکردنەوەیە بخەنە سەرەتای کاتی دەوام یان لە کۆتاییەکەیەوە کەمبکرێتەوە، ئەوەش بەو جۆرەی لەگەڵ سرووشتی کارەکانیاندا دەگونجێت.
 
ئەم بڕیارەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە 128ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە تایبەت بوو بە راسپاردەکانی لێژنەی دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی لە دامەزراوە حکومەتییەکاندا.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان چاوەڕوان دەکرێت چوارشەممە یان پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت.