حیزبوڵڵای عێراق دەستخۆشی و حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی تاجی دەکەن
رووداو - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی کرد، حیزبوڵڵای عێراقیش دەستخۆشی لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندووە "هێرشەکەی سەر سەربازگەی تاجی رێگەخۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی داعش و سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکەی تاجی پێکهێناوە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە "هێرشەکەی تاجی کارێکی دوژمنکارانەیە لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی دۆستی عێراقن".
هاوکات حیزبوڵڵای عێراق دەستخۆشی لە بکەرانی هێرشەکە دەکات و دەڵێ "دەبێ هێزە داگیرکەرەکان باجی مانەوەیان لە عێراق بدەن و مانەوەیان نایاساییە".
حیزبوڵڵای عێراق راشیگەیاندووە "کاتی دەستپێکردنەوەی جیهاد هاتووە".
هەرچەندە دوای هێرشەکە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام واشنتن حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، سێ فڕۆکە کە لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەرچوون بنکەکانی حەشدی شەعبییان لە نزیک ئەلبوکەمال بۆردوومانکردووە و لانیکەم 18 چەکدار کوژراون.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکیدا لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نووسیویەتی، هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە عێراق نابێت چاوپۆشی لێبکرێت.
شەوی چوارشەممە 11-3-2020، چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تاجی لە بەغدا کران، بەهۆی مووشەکەکانەوە دوو سەربازی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی کوژران.
بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدایە و جگە لە هێزە عێراقییەکان زیاتر لە 250 سەربازی هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن.
سەربازگەکە بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەغداوە، فڕۆکەخانەی سەربازی و کۆگای مووشەکی و 53 جۆری جیاوازی ئامێری سەربازیی تێدایە.
دوای هێرشەکەش سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی حەشدی شەعبی بە رووداوی راگەیاند "بە مووشەک و فڕۆکە پێگەی گرووپەکانی نوجەبا، فاتمیوون، حیزبوڵڵا و زەینەبیوون لە ناوچەی ئەلبوکەمال بۆردوومانکراون. بۆردوومانێکی زۆر چڕ بووە و زیانێکی زۆری هەبووە".