سەلاحەدین بۆ دووەم جار پارێزگار هەڵدەبژێرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین دەرگەى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى پارێزگار کردەوە کە 17ى ئادار هەڵدەبژێردرێت، ئەندامێکى کوردى ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، دوو کەس بەربژێرى سەرەکین بۆ ئەو پۆستە.
رۆژی 12ى ئادارى 2024، عادل عەبدولسەلام، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بەفەرمى دەرگاى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى پارێزگارى شارەکە کردەوە.
ماوەى کردنەوەى دەرگاى خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى پارێزگار لە ئەمڕۆ سێشەممە، 12ى ئادار تاوەکو کۆتایی دەوامى 14ى ئادار دەبێت.
رۆژى 17ى ئەم مانگەش لە نێو ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژاردن بۆ پارێزگار دەکرێت.
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەگەرى خۆبەربژێرکردنی دوو کەس زۆرە؛ یەکەمیان بەدر فەحل، سەرمایەدارى سەڵاحەدین و ئەوى دیکەیان ئیسماعیل هەلوب، پارێزگارى پێشووە."
لە دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەوە دووەمجارە دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەددین دەکرێتەوە.
رۆژی 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووریی وەک تاکە بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد، بەڵام سەرۆککۆمار ئامادە نەبوو مەرسوومى کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی بۆ دەربکات بەپاساوى ئەوەى کۆتوبەندی تاوانی لەسەرە.
ئەحمەد جبوورى، کە بەربژێرى پارتى جەماوەریی نیشتمانى بوو، 25ـی شوباتى 2024 لە راگەیێندراوێکدا کشانەوەى لە بەربژێربوونی بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین راگەیاند هەرچەند براوەى یەکەمى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکە بوو لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023.
یاسین داوودى، کە لەسەر پشکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگایە رایگەیاند: "بەر لە دەنگدان بە پارێزگار دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکاندا دەکەن لەبارەى داواکارییەکانى کوردەوە."