شانەی راگەیاندنی ئەمنی: 6 کەشتی بۆ رزگارکردنی تیمەکانی نێردراون

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق مافی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ خۆی دەپارێزێت. دەشڵێت "شەش کەشتی بۆ رزگارکردنی تیمەکان نێردراون". 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی ئاداری 2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، "دوو کەشتیی نەوتهەڵگر رووبەڕووی کردەوەیەکی تێکدەرانە و ترسنۆکانە بوونەتەوە" و روونیکردەوە، "ئامانجگرتنەکە لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا بووە." 
 
سەعد مەعن هەروەها گوتی، "شەش کەشتی بۆ رزگارکردنی تیمەکان نێردراون و  حکومەت هەوڵدەدات عێراق نەبێتە لایەن لە شەڕەکەدا." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانیش، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و 38 کەسیش رزگارکراون.
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ى ئادارى 2026، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دەسەڵاتى دەریاوانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوو کەشتیی نەوتگوێزەرەوە لە بەندەری فاو بۆردوومان کراون و گڕیان گرتووە کە نەوتی عێراقیان پێبووە و لە دوای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گیریان خواردووە. 
 
 ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: بەگوێرەى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بە بەلەمی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر ئەو دوو کەشتییە، بەڵام ئەو لایەنە نەزانراوە کە کارەکەی کردووە.
 
لە 28ى شوباتەوە کە جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستى پێکردووە، تەنگەى هورمز لە ئاوى کەنداو داخراوە، کە تەنیا رێڕەوى گواستنەوەى نەوتى عێراقە. 
 
بە گوتەى ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە کەشتییەکان ئوستڕالییە و ئەوى دیکە نازانرێت هی چ وڵاتێکە.