لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار 30 چەکدار کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای ئەنبار، نزیکەی 30 چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. هێرشەکان چەند پێگەیەکی هەستیاری ئەو هێزەیان لە ناوچەی عەکاشات کردووەتە ئامانج.
شێخ کەریم کینانی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی، رۆژی پێنجشەممە 12ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەندین بارەگا و پێگەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار کراونەتە ئامانج. لە پارێزگای ئەنبار هێرشەکان بە دیاریکراوی چڕبوونەتەوە سەر ناوچەکانی قائیم و عەکاشات."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکان و بەرپرسانی حەشدی شەعبییەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە هێرشەکەی سەر ناوچەی عەکاشاتدا، زیاتر لە 30 چەکداری لیوای 19ی حەشدی شەعبی کوژراون. هێرشەکە زیانی زۆری بە بارەگاکانی تەبابە، فەوجی دوو و بارەگای پشتیوانی گەیاندووە.
عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار، بە رووداوی گوت: "ئەو بارەگایەی حەشدی شەعبی کە بۆردوومان کراوە، دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە لە ناوچەی عەکاشات، هاوکات لە قەزای قائیمیش هێرش کراوەتە سەر چەند بارەگایەکی دیکە."
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان، دلێمی ئاماژەی بەوە کرد کە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە کوژرانی نزیکەی 30 چەکدار دەکەن، بەڵام چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی فەرمین. لە لایەکی دیکەوە، تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، هەمان زانیاری بۆ رووداو دووپاتکردەوە و گوتی: "لە هێرشەکەی عەکاشاتدا زیاتر لە 30 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون."
لیوای 19ی حەشدی شەعبی کە لەم هێرشەدا کرایە ئامانج، سەر بە گرووپی "ئەنساروڵڵا ئەوفیاء"ـەیە. ئەم گرووپە لە 17ی حوزەیرانی 2024 لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوە. واشنتن گرووپەکە بە تێوەگلان لە هێرشە درۆنییەکەی سەر بنکەی "تاوەری 22" لە ئوردن تۆمەتبار دەکات، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی.
ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی دیکە لە کەرکووک. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بارەگایەکی فەوجی تایبەتی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدری شاری کەرکووک بۆردوومان کرا. بەپێی زانیارییەکان، لەو هێرشەدا چوار کەس کوژران و 13ی دیکە برینداربوون، کە سەرجەمیان لە پێکهاتەی تورکمانن.