ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی بەئامانجگرتنی شکۆی عێراقە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و رایدەگەیێنێت، ئەم هێرشانە "بەئامانجگرتنی راستەوخۆی شکۆی عێراق و پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانییە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆر و سەرکۆنەکردنێکی تووندەوە چاودێریی ئەو "هێرشە دوژمنکارانە و ئاشکرایانە" دەکەن کە کراونەتە سەر "قارەمانانی حەشدی شەعبی"، لە کاتێکدا ئەوان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکە خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هاتووە: "بەردەوامیی ئەو پێشێلکاری و هێرشە بەرنامەبۆداڕێژراو و دووبارەبووانە، دەبێتە هۆی تێکەڵکردنی کارتەکان، هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات و بنەماکانی ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدات."
 
فەرماندەییەکە لایەنی هێرشبەری بە بەرپرسیاری تەواوی دەرهاوێشتە مەترسیدارەکان ناوبرد و جەختی کردەوە، کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە "پێشێلکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکانە."
 
سەبارەت بە شوێنی هێرشەکان، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، دوایین هێرشی بێ پاساو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەی عەکاشات بووە، پێشتریش هێرشی هاوشێوە لە قەزای سوێرە و چەندین پێگەی دیکە ئەنجامدرابوون.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێرشکرایە سەر بارەگاکانی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی قائیم و عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو هێرشانەدا 30 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە شاری کەرکووکیش بارەگای فەوجی تایبەتی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدری بۆردوومان کرا. بەپێی زانیارییەکان، لەو هێرشەدا چوار کەس کوژراون و 13ی دیکە بریندار بوون، کە سەرجەمیان لە پێکهاتەی تورکمانن.